وەرزش ـ زاری كرمانجی:
دوێنێ پرسیارێك ئاراستەی سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەڕەنسا كرا، بەوەی زیدان پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەكانی پۆرتوگال و بڕازیل ـی رەتكردۆتەوە، ئەویش لەوەڵامدا گوتی: “پەیوەندیم بەزیدان نەكردووە بۆ وەرگرتنی راهێنەرایەتی فەڕەنسا و بایەخی پێنادەم.”
نویل لوگرێت، سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەڕەنسا دەڵێت: “زیدان، پێویستی بە پلانێك هەیە بۆ ئەوەی یانەیەك یان هەڵبژاردەیەك بیكاتە راهێنەر، پەیوەندیم پێوە نەكردووە و هیچ بایەخی پێنادەم.”
دوای ئەو ئاخاوتنەی سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەڕەنسا دەربارەی زیدان، مباپێ، ئەستێرەی هەڵبژاردەكە بە تووندی وەڵامی دایەوە.
مباپێ، دەڵێت: “زیدان واتا فەرەنسا، ئەوەی لەبارەیەوە گوتراوە، بێڕێزییە.”
بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەك لەچەند رۆژی رابردوو، فیدراسیۆنی هەردوو هەڵبژاردەی بڕازیل و پۆرتوگال ئۆفەریان خستە بەردەم زەینەدین زیدان، راهێنەری پێشووی ریال مەدرید، بەڵام رەتیكردنەوە. ئەو ئەفسانەیەی تۆپی پێی فەڕەنسا، چەند ساڵێكە دوورە لەكارەكەی چەند گرێبەستێكی گرنگی یانە و هەڵبژاردەی گەورەی رەتكردونەتەوە، لەپێناو راهێنەرایەتی فەڕەنسا، بەڵام لەچەند رۆژی رابردوو گرێبەستی دیدێ دیشامپ نوێكرایەوە.
































































