زۆربەی ڕووداوەكانی تەمەنی خۆی لە یادە
سۆران سرێشمەیی_زاری كرمانجی:
” لە یادمە هێزەكانی ئینگلیز فەرمانڕەوایەتی ناوچەكەی دەكردو مەلیك فەیسەڵ سەردانی ڕەوەندەكانی كرد لە ناوچە كوێستانییەكان”
” بە سوود وەرگرتن لە ئەستێرەو مانگ و خۆر شارەزاییم لە زانستی فەلەكی پەیدا كردووە”
ناوخۆش عومەر لەدایكبووی ساڵی 1940ی گوندی سرێشمەیە لە ناحیەی خەلیفان، لەگەڵ ئەوەی خوێندەواری نیە، بەڵام لای دانیشتوانی شارەدێی سرێشمە بە مەوسوعە، یانیش (تۆماری مێژوو) ناسراوە، هەروەها سەرباری بوونی تەكنۆلۆژیاو پێشكەوتنی زانست بەڵام تا ئێستاش وەك ژێدەرێكی كەم وێنە سوود لە لێكدانەوەو بۆچوونەكانی وەردەگیرێت.
لە هەڤپەیڤینێكی تایبەت لەگەڵ زاری كرمانجی باس لە ڕووداو سەرهاتی و چۆنییەتی تێفكرین لە زانستی فەلەكی دەكات و سەرەتا دەڵێت:” ڕاستە من خوێندەواریم نیە بەڵام بەشی هەرە پتری ئەو ئیڤێنتانەم لە یادە كە هەر لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە تا هەنووكەش لێرەو لەوێ ڕوویانداوە، لە بیرمە ئینگیلز فەرمانڕەوایەتی ناوچەكەی دەكرد و ڕەبایە یانیش بارەگای هێزەكانیان لە بەشی باكوری ڕۆژهەڵات سرێشمە بە دیوی بارزان دامەزراندبوو، دوو جۆرە سەربازیان هەبوو هەندێكیان خەڵكی “هندستان” بوون، بەشێكی تریشیان لە ڕەنگ و ڕەفتار جیاواز ئەوانیش “ئینگلیز” بوون.” پتر گوتی:” هەڵسوكەوتی ئەو هێزانە لەگەڵ دانیشتوانی ناوچە باش بوو، هاوكاری خەڵكیان دەكردو جۆرێك لە تێكەڵیش درووست ببوو، دوای ماوەیەك بارەگای هێزەكانیان گواستەوە بۆ دۆڵی بیاو لەسەر ڕێگای سەرەكی بارزان، دوای چەند ساڵێك دەسەڵاتی ئینگلیز نەماو كەسێك بوو بە فەرمانڕەوای عیراق بەناوی مەلیك فەیسەڵ، لە یادمە ئەو كات منداڵ بووم كە مەلیك فەیسەڵ سەردانی ڕەوەندەكانی كرد لە ناوچە كوێستانیەكان و لە نزیكەوە لەگەڵ مەڕدارەكان قسەی كردو لە باروودۆخی ئەوانی دەپرسی.”
سەبارەت بە چۆنییەتی شارەزای لە بەشێك ڕووداو و دیاریدەی فەلەكی، ئەو دانعەمرە ئاشكرایكرد:” جاران كاتژمێر نەبوو، بۆ زانینی تەواوی كاتەكانی ڕۆژ و شەو پشتمان بە ڕۆژو مانگ و ئەستێرەكان دەبەستی، ئێستاش من كاتژمێر بەكارناهێنم و كاتەكانیش بە باشی دەزانم، تەنانەت بۆ دیاریكردنی یەكەم ڕۆژی ڕەمەزان و كۆتا ڕۆژی ئەو مانگەو دیاری كردنی ڕۆژی جەژن، بەشێك لە خەڵكی پرسیار لەمن دەكەن، خۆشبەختانە ئەوە نزیك بە نیو سەدەیە بوومەتە ژێدەری باوەر پێكراوی هاوڵاتیانی گوندەكەم بەسەرجەم تەمەنە جیاوازەكان، گوێم لێ بووە دەڵێن حاجی “مەوسوعە”، ئەوە ئێستا و لەتۆوە بزانم مەبەستیان شارەزایی و یادگا بەهێزی منە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی هەڵكشانی تەمەن لە بەرامبەر ڕووداوەكانی ئەم دوایانە یادگام لاواز بووە، هەندێك شت هەیە چەند ساڵێكی كەم پێش هەنووكە ڕوویانداوە بەڵام هەست دەكەم ناتوانم بە باشی بپڕژێمە سەری و لە هزری خۆمدا یاداشتی بكەم .”