وەرزش ـ زاری كرمانجی:
چەند مانگێك لەمەوبەر، لەیاریگەی گۆدیسۆن پارك مانچێستەر یونایتد، رووبەڕووی ئێڤەرتن بوەوە، ئەوسا رۆناڵدۆ لەریزی شەیتانە سوورەكان بوو، لەكاتی هاتنە دەرەوەی لەیاریگە و بەدیاریكراوی پێش ئەوەی بگاتە رێرەوی ژووری جلگۆڕین، منداڵێك بەمۆبایلەكەی دەیەوێ دیمەنەكە تۆماربكات، لەوكاتە رۆناڵدۆ دەكێشێت بەدەستیدا و مۆبایلەكەی دەشكێنێت.
ئەم رووداوە ئەوسا و دواتریش، كاردانەوەی زۆری بەدوایخۆیدا هێنا، تا گەیشتە ئەوەی رۆناڵدۆ ناچار بەداوای لێبووردن كرا. دایكی ئەو منداڵە لەنوێترین دەركەوتنیدا سەرزەنشتی رۆناڵدۆ دەكات و بەلوتبەرز ناوی دەهێنێت.
دایكی ئەو منداڵەی، كە رۆناڵدۆ مۆبایلەكەی شكاند دەڵێت:” هەر ناوی رۆناڵدۆ دەهێنن خوێنم گرژ دەبێت، داوای لێبوردنێكی گونجاوی نە لە خۆم نە لە منداڵەكەم نەكرد.”
دەشڵێت: “كاتێك تەلەفۆنی بۆ كردم زیاتر بە خۆی دەنازی و باسی خۆی دەكرد. بابەتەكە پەیوەندی بە پارەوە نییە بەڵكو داوایەكی لێبوردنی جوان و هیچی تر.”
ئەو خانمەی ئێڤەرتن هێما بۆ ئەوەش دەكات:” لەماوەی رابردوودا هەڕەشەی زۆرمان لێكرا هەستم دەكرد ئێمە خەتا باربین.”
نایشارێتەوە: “رۆناڵدۆ لە مانچێستەر دەركرا و لە پوۆرتوگالیش دورخرایەوە ئەمە كەسایەتی ئەو پیشان دەدات.”