شەهلا سۆفی- زاری کرمانجی:
کۆمپانیای « wandercraft»ی فەرەنسی ئامێرێکی نوێی ئێسکەپەیکەری دەرەکیی (Exoskeleton) بە ناو نیشانی Eve mobility-assist پەرەپێدا، کە بە سیستەمی هاوسەنگیی ئۆتۆماتیکیی پێشکەوتوو کاردەکات.
ئەم تایبەتمەندییە نوێیە دەرفەت بە بەکارهێنەرانی دەدات سەربەخۆیانە و بەبێ پێویستبوون بە ڕێڕەوی یاریدەدەر (Walker) لە ژینگەی ماڵەوەدا جووڵە بکەن.
ئەم ئامێرە وەک توێکڵێکی ڕەق لە دەوری جەستە دەبەسترێت و پشتگیری لە بەشەکانی جەستە، کەمەر، ڕان و پێیەکان دەکات. ڕێکخستنی جووڵەکان لە ڕێگەی ١٢ ماتۆڕی تایبەتەوە ئەنجام دەدرێت کە لە ناوچەکانی شان، ئەژنۆ و پاژنەی پێدا دانراون. لە هەمان کاتدا، هەستەوەرە ناوەکییەکان بەردەوام چاودێری هاوسەنگیی جەستە دەکەن و لە کاتی وەستان یان ڕۆیشتندا ڕاستکردنەوەی پێویست ئەنجام دەدەن.
بەکارهێنەران دەتوانن لە ڕێگەی ئامێرێکەوە بە ئاسانی کۆنتڕۆڵی دانیشتن، وەستان، ڕۆیشتن بۆ پێشەوە و دواوە، سوڕانەوە، و گواستنەوەی کێشی جەستە لە نێوان قاچەکاندا بپەڕێنن. بۆ پاراستنی سەلامەتیش، ئامێرەکە جێگەی سەرین، باری سەلامەتیی پێشەوە و دەستەی پشتەوەی تێدا جێگیرکراوە تا چاودێران لە کاتی پێویستدا هاوکار بن.
دەستەی خۆراکی و دەرمانی ئەمریکی (FDA) بە فەرمی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای Eveی پەسەند کرد، ئەوەش دوای ئەنجامدانی توێژینەوەی سەرکەوتوو لە دامەزراوەی کیسلەر و سەنتەری پزیشکیی جەیمس جەی پیتەرز. بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆمپانیای واندەرکرافت، فرۆشتنی ئامێرەکە لە ئەمریکا دەستیپێکردووە و هەندێک لە نەخۆشەکان لە ڕێگەی بەرنامەکانی وەک مێدیکەر (Medicare) و بیمەی قەرەبووکردنەوەی کرێکارانەوە پشتیوانی داراییان لێکراوە، بەڵام تا ئێستا کاتی بڵاوبوونەوەی لە وڵاتانی تر دیاری نەکراوە.


































































