بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، پرۆسەی پێدانی قەرزی کشتوکاڵی بە جووتیاران دەستی پێ کردووە و ژمارەیەکی زۆری جووتیار داواکارییان پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی قەرزەکە وەربگرن کە لە 15 بۆ 100 ملیۆن دینار دەست پێ دەکات.
بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دکتۆرە زێدە محەمەد، رایگەیاندووە: ”پێدانی قەرزی کشتوکاڵی کە لە 15 بۆ 100 ملیۆن دینار دەست پێ دەکات، ئێستا کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە و ژمارەیەکی باشی جووتیاران داواکارییان پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی ئەو قەرزە وەربگرن.”
دکتۆرە زێدە محەمەد گوتیشی: ”پرۆسەی پێدانی قەرز بە جووتیاران بەردەوام دەبێت و لەلایەن وەزارەتیشەوە پشتگیرییان پێ دەدرێت بۆ ئەوەی قەرزەکە وەربگرن، بۆیە جارێ بەردەوامە و جووتیارانیش دێن داواکاری بۆ وەرگرتنی قەرزەکە پێشکەش دەکەن.”
ئەمەش لە کاتێکدایە لە چوارچێوەی گرنگیدانیش حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتی کشتوکاڵ بەردەوام هەوڵ دەدات و کار دەکەن بۆ ئەوەی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان زیاتر ببووژێننەوە، بۆ ئەو مەبەستەش قەرز بە جووتیاران دەدرێت کە لە 15 بۆ 100 ملیۆن دینار دەست پێ دەکات و بە ماوەی پێنج ساڵیش قەرزەکە دەگەڕێننەوە.