ئامادەکردنی :دلڤین سێودین
زانکۆی سۆران: قوناغی سێیەم بەشی لێکۆڵینەوە ستراتیجیە مێژووی شوێنەواری و کەلتووریەکان
شۆڕشی ئەیلول (١٩٦١_١٩٧٥):ڕەگوڕیشەی مێژووی و ڕێکخستنی سەربازی و ڕەهەندە سیاسیەکان
پێشەکی
شۆڕشی ئەیلول بە یەکێک لە وەرچەرخانە جەرگبڕ و دیارەکانی مێژووی هاوچەرخی گەلی کورد و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی ئەژمار دەکرێت. ئەم بزوتنەوە چەکدارییە کە لە ١١ی ئەیلولی ساڵی ١٩٦١ بە فەرمی دەستی پێکرد، تەنها ڕاپەڕینێکی سەربازیی ناوچەیی نەبوو، بەڵکو وەڵامدانەوەیەکی ڕێکخراو بوو بەرامبەر پاشگەزبووەوە و سیاسەتە ناڕەواکانی حکوومەتی ناوەندیی بەغدا لە دوای شۆڕشی ١٤ی تەموزی ١٩٥٨.
ئامادەکارییەکان و هۆکارەکانی هەڵگیرسانی شۆڕشی (١٩٦١):
لەنێوان ساڵانی ١٩٥٨ تا ١٩٦١، سەرەڕای پەسەندکردنی دەستووری کاتیی عێراق کە ئاماژەی بە هاوبەشیی کورد و عەرەب دەدا، پەیوەندییەکانی نێوان سەرکردایەتی کورد (بە سەرۆکایەتی مەلا مستەفا بارزانی) و عەبدولکەریم قاسم تووشی ساردی و ئاڵۆزییەکی قووڵ بوونەوە. وەڵامنەدانەوەی داواکارییە نەتەوەیییەکانی کورد، هاندانی دژایەتییە خێڵەکییەکان لەلایەن بەغداوە، و پەنابردن بۆ گوشاری سیاسی و عەسکەری بوونە هۆی سازدانی ئامادەکاریی گشتی.
لە هاوینی ساڵی ١٩٦١دا، پارتەک دەستی کرد بە ڕێکخستنی جەماوەری و بەهێزکردنی خانە شاراوەکانی پۆلیس و هاووڵاتییان. لە ٦ی ئەیلولی ١٩٦١، مانگرتنی گشتی لە سەرانسەری کوردستان بەڕێوەچوو کەمەبەست لێی نیشاندانی دەسەڵاتی جەماوەری و فشارخستنە سەر حکوومەت بوو. ڕووداوەکان خێراتر بوون تاوەکو لە ١١ی ئەیلولی ١٩٦١ بە هۆی بۆمبارانکردنی ناوچەکانی کوردستان لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای عێراقەوە، جەنگی چەکداری بە فەرمی هەڵگیرسا.
پێکهاتەی سەربازی و ئیداریی هێزەکانی پێشمەرگە
ئەم شۆڕشە توانی بە شێوازێکی زانستی و ڕێکخراو هێزەکانی خۆی دابەش بکات تا بتوانێت لە یەک کاتدا ڕووبەڕووی پەلامارە سەربازییەکان ببێتەوە و کارگێڕیی ناوچە رزگارکراوەکانیش بەڕێوە ببات:
پێکهاتەی فەرماندەیی لەشکری:
لەشکری یەکەم (بادینان): بە فەرماندەییی مەسعود خۆشناو.
لەشکری دووەم (هەولێر): بە فەرماندەییی ڕەشید سندی.
لەشکری سێیەم (سلێمانی و کەرکووک): بە فەرماندەییی موقەدەم عەزیز ئاکرەیی.
دەزگا و بەڕێوەبەرییە کارگێڕییەکان:
شۆڕش پشتی بە سیستەمێکی ئیداریی پێشکەوتوو بەستبوو کە بەڕێوەبەرییەکانی وەکو: جووڵە و مەشق، هەواڵگری و ئاسایش، کارگێڕی، میرە و خواردن، ژمێریاری و وردبینی، بەڕێوەبەریی پزیشکی، و راوێژکاری داد و دادگای سەربازی لەخۆدەگرت.
ڕێنمایییە ئەخلاقییەکانی هێزی پێشمەرگە
شۆڕشی ئەیلول تەنها خەباتێکی چەکداری نەبوو، بەڵکو خاوەنی بەهای ئەخلاقیی بەرز بوو لە هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ هاووڵاتییان و دیلەکان .لە ڕێنمایییە فەرمییەکانی سەرکردایەتیدا چەندین خاڵی گرنگ چەسپێنرابوون:
ڕێگریکردن لە چوونە ناو گوندەکان بەبێ هەبوونی پێویستیی سەربازی تا گوندەکان تووشی بۆمباران نەبن.
قەدەغەکردنی زەوتکردنی سەروەت و سامانی خەڵکی گوندەکان.
قەدەغەکردنی کوشتن، سووکایەتیکردن و ئازاردانی دیلەکانی شەڕ.
پاراستنی دەستپێشخەری لە شەڕی پارتیزانیدا بە مەبەستی کەمکردنەوەی زیانە گیانی و ماددییەکان.
فرەیی کۆمەڵایەتی و بەشداریی پێکهاتەکان
یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی شۆڕشی ئەیلول، گشتگیری و بەشداریی سەرجەم نەتەوە و ئاینە جیاوازەکان بوو. لە ڕیزەکانی شۆڕشدا بێجگە لە کورد، هاووڵاتییانی ئاشووری، تورکمان و عەرەب، هاوشانی کوردانی پارچەکانی تر بەشداربوون، کە ئەمەش ڕەهەندێکی نیشتمانی و مرۆیی بەرزی بەخشیبووە بزوتنەوەکە.
ڕۆڵی جەماوەر، ژنان و خێڵەکان لە پشتیوانیکردنی شۆڕشدا
شۆڕشی ئەیلول لە پشتێنی جەماوەرییەوە هێزی وەردەگرت و ڕەنگدانەوەی بەشداریی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بوو:
پشتیوانی لۆجستی و سەربازیی خێڵەکان: لە خێڵ و ناوچە جیاوازەکان وەک (زێباری، بەرواری، سندی، گۆران، ئاغاکانی پشدەر و بیتوێن و هتد) هاوکاریی لۆجستی و چەکیان گەیاندە بەرەکانی جەنگ و هێزی مەیدانیی شۆڕشیان بەهێز کرد.
ڕۆڵی ژنانی کوردستان: هەروەها ژنانی کوردستان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوو لە دابینکردنی نان و خۆراک و داڵدەدانی پێشمەرگەکان لە سەختترین وەرزەکانی زستاندا، کە ئەمەش پایەیەکی سەرەکیی مانەوە و ڕاگرتنی ورەی هێزەکانی پێشمەرگە بوو.
ئەنجام
شۆڕشی ئەیلول پایەیەکی سەرەکیی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد بوو کە توانی ڕێکخستنێکی سەربازی، ئیداری و سیاسیی ئەوتۆ دروست بکات کە ڕووبەڕووی چەندین کابینەی حکوومەتی عێراق ببێتەوە. ئەم شۆڕشە سەلماندی کە دۆزی کورد بە ڕێکاری سەربازی چارەسەر ناکرێت و بناغەی دانوستان و بەدەستهێنانی مافە ئۆتۆنۆمییەکانی لە ساڵانی دوای خۆیدا چەسپاند.
سەرچاوەکان:
١.بارزانی، مەسعود، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد (بەرگی سێیەم – بەشی یەکەم: شۆڕشی ئەیلوول ١٩٦١ – ١٩٧٥).
2. نەجار، د. هۆشەنگ ساڵح، شۆڕشی ئەیلوول لە ڕۆژنامە و بڵاوکراوە عێراقییەکان ١٩٦١ – ١٩٧٥ (لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویییە)، دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان، ٢٠٢٢.
3. خۆشناو، موقەددەم ڕوکن سەنگەر ئیبراهیم، رووداوە سەربازییەکانی شۆڕشی ئەیلوول ١٩٧٠ – ١٩٧٥، لە زنجیره بڵاوکراوەکانی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان، ٢٠٢٢.


































































