ئادار عەبدوڵڵا _ زاری کرمانجی
لە ڕووداوێکی دڵتەزێندا، یاریزانێکی خولی پلە دووی ئیسپانیا دوای پێکدادانێکی توند لەناو یاریگادا، سەرەڕای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا و کۆمەڵگەی وەرزشیی خەمبار کرد.
لە یارییەکی خولی پلە دووی یانەکانی ئیسپانیادا، ڕووداوێکی دڵتەزێن لە کاتی پێکدادانێکی نێوان (خیسۆس دی میگێل)ـی هێرشبەری یانەی تێنریفی و (خیسۆس ئۆڤۆنۆ)ـی گۆڵپارێزی ئەندۆرا ڕوویدا. یارییەکە لە خولەکەکانی کۆتاییدا ڕاگیرا، دوای ئەوەی دی میگێل دوای پێکدادانەکە دەستبەجێ بە گرتنی سنگی کەوتە خوارەوە و بە بێجووڵەیی لەسەر زەوییەکە پاڵکەوت، دیمەنێک کە سەرجەم یاریزانانی هەردوولای تووشی شۆک و دڵەڕاوکێ کرد.
سەرەڕای ئەوەی ئەو یاریزانە تەمەن ٣٠ ساڵە ڕاستەوخۆ بۆ وەرگرتنی فریاگوزاری و چارەسەری پزیشکی گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و لە سەرەتادا هەواڵی جێگیربوونی دۆخەکەی ڕاگەیەندراوە، بەڵام دۆخی تەندروستیی لە ڕووی دەمارەوە تێکچووە و بە مخابنەوە یانەکەی لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە کە ناوبراو گیانی لەدەستداوە.


































































