مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
هێزەكانی بەرگریی ئیسرائیل لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاشكرای دەكەن كە لە ئەنجامی چەند هێرشێكی ورد و جیا جیادا، ژمارەیەك لە فەرماندە و چەكدارەكانی بزووتنەوەی حەماسیان لە كەرتی غەززە كوشتووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی سوپای ئیسرائیل كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس بڵاوكراوەتەوە “لە هێرشەكاندا چوار فەرماندەی حەماس كوژراون؛ لەوانە بەرپرسی بەشی دامەزراندن كە دەستی ڕاستەوخۆی هەبووە لە بنیاتنانەوە و بەهێزكردنەوەی باڵی سەربازیی بزووتنەوەكە لە غەززە. هاوكات تیرۆریستێكی یەكە تایبەتەكان (نوخبە) كە لە هێرشەكەی 7ـى ئۆكتۆبەردا دزەی كردبووە ناو خاكی ئیسرائیل، لەناو كوژراوەكاندایە.
سوپای ئیسرائیل جەختی كردووەتەوە كە ئەو كەسانە لە درێژەی شەڕەكە و بەتایبەت لە هێرشەكانی ڕۆژی شەممە و 22ـى مانگی 10 دا كردەی توندوتیژییان دژی هاووڵاتییانی مەدەنی و هێزە ئەمنییەكانی ئیسرائیل ئەنجامداوە و كاریان بۆ دووبارە ڕێكخستنەوەی تواناكانی حەماس كردووە.


































































