ئەنجوومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم لەبارەی وەرگرتنی ڤیزای وڵاتانەوە دوو بڕیاری نوێی بۆ سەرجەم وەزارەتەکان دەرکرد و دەڵێت” وەزارەتەکان لە ڕێگەی خۆیانەوە نابێت داوای ڤیزا بکەن”.
بەپێی نووسراوێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە ئاراستەی سەرجەم وەزارەتەکان کراوە تیادا هاتووە” بۆ پەیوەندی بە وڵاتان و وەرگرتنی ڤیزای وڵاتان، لەسەر راسپاردەی نووسینگەی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، دوو بڕیار هەیە دەبێت وەزارەت و فەرمانگەكان پێیەوە پابەند بن”.
لە بڕیارەکەدا ئەوەش هاتووە” پەیوەندی دوولایەنەی نێوان وەزارەت و دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ كونسوڵخانەكانی وڵاتان تەنها لە رێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەرەوە رێكدەخرێت”.
دەشڵێت” نابێت وەزارەت و فەرمانگەکان لە ڕێگەی خۆیانەوە داوای ڤیزا لە كۆنسوڵخانەكان بكەن، بەڵکو وەرگرتنی ڤیزا و پێدانی پشتگیری تەنها لە رێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە دەبێت”.
لە نووسراوەکە ئاماژە بەوەشکراوە، پێویستە سەرجەم وەزارت و لایەنەکانی هەرێم بەو بڕیارانە پابەندبن.