مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئەنوەر محەممەد قەرقاش، ڕاوێژكاری سیاسەتی دەرەوەی سەرۆكی ئیمارات، لەمیانی بەشداریی لە ٢٢یەمین دانیشتنی “دیالۆگی مەنامە” لە بەحرەین ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی هیوادارە پرۆسەی دیپلۆماسی لە نێوان ئەمریكا و كۆماری ئیسلامیی ئێراندا بەرەوپێشچوون بە خۆییەوە ببینێت، چونكە چوونە ناو خولێكی دیكەی شەڕ لە بەرژەوەندی ناوچەكەدا نییە. لەگەڵ ئەوەشدا جەختی كردەوە كە ئیمارات، بە پشتبەستن بە ئەزموونەكانی پێشووی، خۆی بۆ خراپترین حاڵەت و سیناریۆ ئامادە كردووە.
قەرقاش ئاماژەی بە گرنگی ئاسایشی دەریایی كرد و ڕایگەیاند كە هاتووچۆی كەشتییەكان لە تەنگەی هورمز دەبێت بە تەواوی بگەڕێتەوە بۆ بارودۆخی ئاسایی پێش جەنگ و ئەم بابەتە جێگەی دانوستان نییە.
ئەم لێدوانانە لە كاتێكدا دەدرێن كە دانیشتنی دیالۆگی مەنامە بە بەشداری شاندی زیاتر لە ٥٠ وڵات و بە ئامادەبوونی زیاتر لە ٤٠ وەزیر و فەرماندەی باڵای سەربازی لە بەحرەین بەڕێوەچوو.

































































