مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەپێی ڕاپۆرتێكی ماڵپەڕی ئەكسیۆس كە بە پشتبەستن بە سەرچاوەی ئەمریكی و ئیسرائیلی بڵاوكراوەتەوە، پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی توند لە نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل ئەنجام دراوە. لەم پەیوەندییەدا، ناتانیاهۆ داوای كردووە ئەمریكا دەستبەجێ دوای هەڵبژاردنەكانی كۆنگرێس هێرشی سەربازی بكاتە سەر ئێران، بەڵام ترەمپ لە ئێستادا پێی باشە كات بدات بە دانوستانەكان و ئەم ڕێبازەش ناتانیاهۆی نیگەران كردووە.
كۆشكی سپی و نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل ڕەتیانكردووەتەوە لێدوان لەسەر ئەم پەیوەندییە بدەن.
بەپێی زانیارییەكان، ترەمپ ئامادەكاری بۆ دوو ڕێگە دەكات (گەیشتن بە ڕێككەوتنی ئاشتی، یان دەستپێكردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دوای هەڵبژاردنەكان.)
هاوكات ڕۆژی شەممە ترەمپ قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان كرد و ڕاگەیاندووە كە دانوستانەكان بە باشی بەڕێوەدەچن و پەلەی نییە، بەڵام جەختی لەوەش كردەوە كە ئەمریكا پلانی هەیە بۆ بەئامانجگرتنی خێرای یەك یان دوو دامەزراوەی ئەتۆمی ئێران، لەوانەش شوێنی چیاكانی كولەنگ گەزلا.

































































