زاری کرمانجی :
سزای لەسێدارەدانی دوو هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی بەرخۆدان و ڕاپەڕینی جەماوەریی شۆڕشی ژینا بە ناوەکانی محەممەد مەهدی کەرەمی، تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی بیجاڕ و هەروەها سەید محەممەد حوسێنی، تەمەن ٣٩ ساڵ، بەبێ دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان جێبەجێ کرا.
ئەمڕۆ شەممە 7 / 1 / 2023 ناوەندی ڕاگەیاندنی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سزای لەسێدارەدانی دوو کەس بە ناوەکانی محەممەد مەهدی کەرەمی و سەید محەممەد حوسێنی جێبەجێ کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتێک کە ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردووەتەوە، محەممەد مەهدی کەرەمی، تەمەن ٢٢ ساڵ، و سەید محەممەد حوسێنی لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی پارێزگای ئەلبۆرز بە سەرۆکایەتیی دادوەر “مووسا ئاسف ئەلحەسنی” و بە تۆمەتی “فساد فی الارچ لە ڕێگەی تاوان بە دژی ئاسایشی ناوخۆیی” بە موحارەبە (واتە شەڕ بە دژی خودا) مەحکووم و سزای لەسێدارەداننیان بەسەردا سەپێنرا.
دادگای پێ ڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی محەممەد مەهدی کەرەمی و سەید محەممەد حوسێنی و 13 هاووڵاتیی دیکە لەژێر ناونیشانی دۆسیەی کوژرانی بەسیجییەک بەناوی ڕوحوڵڵا عەجەمیان، ڕۆژی چوارشەممە 30 نۆڤەمبەر بەڕێوە چووە کە لە دانیشتنی ئەو دادگایەدا محەممەد مەهدی کەرەمی وەکوو تۆمەتباری سەرەکی و سەید محەممەد حوسێنی وەکوو تۆمەتباری دووەمی ئەو دۆسیەیە لە قەڵەم دران.
بە پێی هەواڵەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، محەممەد مەهدی کەرەمی، تەمەن 22 ساڵ، خەڵکی گوندی “کوتانی خواروو” سەر بە شاری بیجاڕ و دانیشتووی نەزرئاباد لە شاری کەرەج بووە. ئەو لاوە کوردە لە بواری وەرزشی کاراتە دا چەندین میدالیای لە ئاستی پارێزگا و سەرانسەری ئێراندا بەدەست هێنابوو.