دیمانە- ئادار عەبدوڵڵا
د. عەبدولوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری سۆران، لە دیدارێكی زاری کرمانجی؛ تیشک دەخاتە سەر گرنگیی شوێنەوارەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کە پێکدێت لە قەزاکانی (سۆران، چۆمان، مێرگەسۆر، ڕواندز، سیدەکان و خەلیفان) و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم دەڤەرە خاوەنی سەروەتێکی مەزن و دەوڵەمەندی مێژووییە، بەڵام هێشتا وەک پێویست گرنگیی پێ نەدراوە و پێویستی بە هەنگاوی بەپەلە و ستراتیژیی حکومی هەیە.
لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا؛ گەشەسەندنی ژمارەی شوێنەوارەکان و قەبارەی ڕاستەقینەیان، لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا (١٩٧٠)، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەواری بەغداوە تەنها ٥١ شوێن لەو دەڤەرە تۆمار کرابوون کە ژمارەیەکی زۆر کەم و سەرپێی بوون. بەڵام دوای دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری سۆران لە ساڵی ٢٠٠٦، توانراوە نزیکەی ١١٠٠ شوێنەواری مێژوویی تۆمار بکرێن. سەرەڕای ئەمەش، پرۆسەی ڕووپێوی و هەڵکۆڵین هێشتا کۆتایی پێ نەهاتووە؛ ئەگەر پڕۆسەیەکی فراوان و گشتگیر ئەنجام بدرێت، پێشبینی دەکرێت ژمارەی شوێنەوارەکان لە ناوچەکەدا بگاتە ٦ بۆ ٨ هەزار شوێنەوار. لەگەڵ ئەوەشدا، هەموو ئەم شوێنانە لە ئاست تموحی ئێمەدا نیین و پێویستیان بە کاری زیاتر هەیە لە ڕووی پاراستن، هەڵکۆڵین و شێوازی نمایشکردنەوە.
گووتیشی: ” قەیرانی نەبوونی مۆزەخانە و مەترسیی ڕاگرتنی هەڵکۆڵینەکان یەکێک لە کێشە هەرە سەرەکییەکان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، نەبوونی مۆزەخانەیەکی شایستەیە. لە ئێستادا پێنج تیم لە زانکۆ و ناوەندە بیانییەکان لە ناوچەکەدا سەرقاڵی هەڵکۆڵینن و پارچە و کەرەستەی شوێنەواریی بەنرخ دەدۆزنەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی مۆزەخانەوە، ئەم کەرەستانە لەناو کۆگاکاندا لەسەر یەک کەڵەکە دەبن. دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە بیر لە ڕاگرتنی کارەکانی هەڵکۆڵین دەکرێتەوە تا ئەو کاتەی مۆزەخانەیەک بۆ پاراستن و نمایشیان دادەمەزرێت.
جەختیشی لەوە کردەوە؛ نموونەی هەرە دیار لەم ڕووەوە، کەیسی ئەشکەوتی شانەدەرە کە مێژووەکەی بۆ ٧٥ هەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە و لە ڕووی مەعنەویی و مێژووییەوە گرنگییەکی جیهانیی هەیە و هەموو جیهان شانازیی پێ دەکات، کەچی تا ئێستا شوێن و مۆزەخانەیەکی شایستە نییە بۆ پاراستن و نمایشکردنی دۆزینەوەکانی، لە کاتێکدا کەرەستە و پاشماوەکانی کە بۆ مەبەستی پشکنین و نۆژەنکردنەوە ڕەوانەی دەرەوەی ووڵات کرابوون خەریکە دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.
بۆ پەرەپێدان و پاراستنی زیاتری ئەم سامانە نەتەوەییە، بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران جەخت لەسەر دوو خاڵی بنەڕەتی دەکاتەوە:
نمایشکردنی مەیدانی: لە خودی شوێنە مەیدانییەکاندا، وەک گردی بانەهێلک (کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٧ بۆ ٨ هەزار ساڵ بەر لە ئێستا) و ئەشکەوتە گرنگەکانی تر، پێویستە شوێنەکان بە جۆرێک بپارێزرێن و بخرێنەڕوو کە گەشتیار لە نزیکەوە و لە خودی شوێنەکەدا شێوازی ژیانی مرۆڤی کۆن بە شێوەیەکی مەیدانی ببینێت.
نمایشکردنی مۆزەخانەیی: ئەو پارچە و کەرەستە شوێنەوارییانەی کە دەبێت لە دەرەوەی شوێنە مەیدانییەکان و لەناو مۆزەخانەدا بپارێزرێن و بخرێنە ڕووی بینەرانەوە.
لە کۆتای قسەکانیدا؛ هاوئاهەنگیی دامودەزگاکانی حکومەت و بواری گەشتیاری لە کۆتاییدا، پێویستە لە کاتی ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان (وەک دروستکردنی جادە، ڕێگاوبان و بیناسازی)، پێشوەختە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سۆران ئاگادار بکرێتەوە بۆ ئەوەی پشکنینی پێویست ئەنجام بدەن و دواتر ڕێگە بە کارە ئەندازیارییەکان بدرێت. هاوکات، دامودەزگاکانی حکومەت دەبێت پێکەوە کار بکەن بۆ لابردنی بەربەستەکان، هەروەھا بەربەستە سروشتییەکان بقۆزرێنەوە و وەک دەرفەتێک بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری سوودیان لێ وەربگیرێت.


































































