زاری کرمانجی :
دوای ڕووداوی 16 ی ئۆکتۆبەر و پاشەکشەکردنی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە ناوچەکە، تا ئێستا 52 گوند لە سنووری قەزای خانەقین چۆڵکراون.
کارگێڕێکی لقی خانەقین ی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند ئەگەر وا بڕوات هیچ گوندێکی سنوورەکە کوردی تێدا نامێنێت.
شێرکۆ تۆفیق، کارگێڕی لقی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان، باس لەوە دەکات تەنیا لە دەوروبەری خانەقین نزیکەی 35 گوند چۆڵکراون.
کارگێڕی لقی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان هۆکاری چۆڵکردنی گوندە کوردنشینەکانی بۆ لاوازبوونی دەسەڵاتی کوردی لە ناوچەکە گەڕاندەوە و دەڵێ: “لە دوای 16ی ئۆکتۆبەر، پێشمەرگە 120کم پاشەکشەی کردووە لە سنووری خانەقین، داعش پەرەی سەندووە. هێزە عێراقییەکان و میلیشیاکانیش پێیان خۆشە کورد ناوچەکە جێ بهێڵێت.”
هاووڵاتییانی ناوچەکە هۆکارەکەی بۆ ناسەقامگیری دۆخی ئاسایش لە ناوچەکە و نەپاراستنیان لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە دەگەڕێننەوە و پێیان وایە بە ئامانج ئەو کارە دەکرێت، بۆ ئەوەی خانەقین کوردی تێدا نەمێنێت.