مەهدی محەممەد – سۆران :
هۆكار گەلێك هەن بە ئاسانی دەتوانن گەنجان تووشی لادان بكەن و بەرەو رێگەیەكی چەوت ئاراستەیان بكات، گەنجێك دەڵێت:” زۆر جار برادەری خراپ، ئەو دوورە دەگیرێت و رێگەی چەوت و ناتەندروست نیشانی برادەرانی دەدات، بۆ ئەوەی زیانیان لێ بدات، یەكێكی تر دەڵێ:” لەسەردەمی ئێستای ئایتی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، زۆربەی رێگاكان ئاراستەیان بەرەو لادانە.
كاروان عوسمان پێی وایە ئەو گەنجانەی لاواز و رەش بینن لە ژیان، زیاتر تووشی لادان دەبن و دەڵێ:”بەشی زۆری ئەو گەنجانەی بەلای كاری نا تەندروست و خراپ كەوتوون، كەسانی لاواز و رەشبینن لە بەرامبەر ژیان و باوەڕییان بە هیچ شتێك نەماوە و بێ ئومێد و بێ هیوان، بۆیە هەموو كارێك دەكەن لە پێناو زیانگەیاندن بە خۆیان و كۆمەڵگە، كاروان ئەوەش دەڵێ:” گەنج دەبێ رێز لە گەورەیی خۆی و مرۆڤبوونی بگرێت، ناكرێ كارێكی وا بكات، دەوروبەر گومان لە عاقڵبوونی و باشی و چاكی بكەن و وەك كەسێكی بێ كەڵكی كۆمەڵگە سەیری بكەن، چونكە ئەوە زیان لە كەسایەتی و هەموو شتەكانی تری دەدات، بۆیە دڵنیام گەنجی بە عاقڵ پەنا بۆ كاری خراپ و رێگەی چەوت نابات”.
ساكار حەمەدەمین، باس لەوە دەكات ئامرازەكانی خراپكاری ئەوەندە زۆر بووە و لە هێز و ئیرادەی گەنجان چووەتە دەر، بۆیە زۆرێك لە گەنجان ناتوانن لە ئاستیدا خۆیان كۆنترۆڵ بكەن و دەستەمۆی ئامرازەكان دەبن، ئەو دەڵێ:”بەداخەوە كۆمەڵگەی كوردەواری خەریكە بە یەكجاری وێران دەبێت و شتە جوانەكان ڕۆژبەڕۆژ ون دەبن و شتە ناشیرینەكان جێگایان دەگرێتەوە، ئامرازی خراپكاری ئەوەندە زۆر بووە گەنجان ناتوانن لە ئاستیدا خۆڕاگر بن و بە زووی دەكەونە ژێر كاریگەری ئەوان و تووشی لادان دەبن.
ساكار، ئەوەش دەڵێ:”بەهەر شێوەیەك بێت دەبێ گەنجان زیاتر چاو كراوە بن و لەپێناو هەندێك خۆشی ماوە كورت، كەسایەتی و ڕەوشتی جوانی خۆیان لە دەست نەدەن، چونكە كەسایەتی و ڕەوشتی مرۆڤ وەكو شووشە وایە ئەگەر شكا بە ئاسانی یەكتر ناگرێتەوە، ساكار بەشێك لە تاوانەكە دەخاتە ئەستۆی دایك و باوكان و پێیوایە ئەوانیش كەمتەرخەمن لەوەی ڕۆڵەكانیان بەرەو لادان هەنگاو بنێن، دەڵێ:”ئاخر گوناهی دایك و باوكیشی تێدایە كاتێ منداڵەكانیان تووشی خراپی و لادان دەبن، چونكە وەك پێویست چاودێریان ناكەن لەوەی منداڵەكانیان چی دەكەن و بۆ كوێ دەچن و لەگەڵ كێ هەڵدەستن و دادەنیشن و چون هەڵسوكەوت دەكەن لەگەڵ دەوروبەر، بۆیە ئاگاداری هیچ شتێك نابن، تا كار لە كار دەترازێت و منداڵەكانیان تووشی ڕووداوێكی نەخوازراو دەبێت، ئەو كات دەڵێن ئێمە ئاگادار نین”.
كامەران سەرداریش دەڵێ:”دیاردەی لادانی گەنجان لە كۆمەڵگەكاندا، شتێكی شارەوا نییە و بەزوویی هەستی پێ دەكرێت، دیارترین دەركەوتن لە گەنجان كاتێ بەرەو لادان هەنگاو دەنێت، هەوڵ دەدات واز لە قوتابخانە بهێنێت و دوور كەوتنەوەیە لە خوێندن، دواتر جگەرەكێشان و چوون بۆ كافتریا و ڕێزنەگرتن لە دەوروبەر و خراپ هەڵسوكەوتكردن لەگەڵ ئەندامانی خانەوادەكەی، ئەمانە هەموویان ئاماژەن كە ئەو گەنجە ڕێگەی لادانی گرتووە و خەریكە خراپ دەبێت، كامەران، ئەوەش دەڵێ:”پەروەردەكردنی ڕەوشتی گونجاو، بەستراوەتەوە بە ڕێنوێنیی كردنی گەنجان بۆ ڕێگای ڕاست و دروستی ژیانكردن، باوك و دایك نابێت ڕێگە بدات كە تیكتۆك و سناپچات و تەواوی تۆڕەكانی تری كۆمەڵایەتی، كولتووری خێزانەكەی تێك بدات، هەموو ئەو شتانەی كە دەتوانن كۆمەڵگە و تاكەكانی تووشی زیان و بێزاری بكەن، دەكرێت لە خۆمان دووریان بخەینەوە، چونكە ژیانكردن لەگەڵیان بەرەو لادان دەمانبات و داهاتوومان گەش و جوان نابێت”.
كامەران داواكارە لە دایك و باوكان” پشتیوانی و گرنگیدانی دایك و باوك بە گەنجان و ئاراستەكردنیان بەرەو كاری باش و خزمەتكردن و سوود گەیاندن بە كۆمەڵگە و پەرەپێدانی كولتوور و توانا و لێهاتووییان، ئەركی ئەوانە، چونكە لە داهاتوو منداڵەكانیان هەرچیكیان لێ دەربچێت ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی پەروەردەی ئەوان”.
كامەران لە كۆتا قسەی خۆیدا ڕوو لەو گەنجانە دەكات كە ڕێگەی خراپیان گرتووە و پێیان دەڵێت:”ئەو گەنجانەی تووشی لادان دەبن، كۆمەڵگە پشتیان لێ دەكات”.