سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، هاوپەیمانان لە پشتگیریکردنی هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبن، بەڵام خواستیان ئەوەیە کە هێزێکی یەکگرتووی پێشمەرگە هەبێت و لەژێر چاودێریی وەزارەتی پێشمەرگەدا بێت و حکوومەتی هەرێمیش بۆ ئەو مەبەستە هەنگاوی باشی ناوە.
ریڤینگ هرووری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”وڵاتانی هاوپەیمان، بەتایبەت ئەمەریکا، بەردەوام دەبن لە هاوکاری و پشتگیریکردنی هێزی پێشمەرگە و لە ساڵی 2014شەوە تا ئێستا بێوچان هاوکاریی هێزی پێشمەرگە دەکەن، چونکە هێزی پێشمەرگە لای ئەوان زۆر گرنگە، لەبەر ئەوەی ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.”
سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی: ”خواستی هاوپەیمانان ئەوەیە و بەردەوامیش هاوکارن بۆ ئەوەی یەک هێزی پێشمەرگەی یەکگرتوو هەبێت و لەژێر چاودێریی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرمانی ئەواندا بێت و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بۆ ئەو مەبەستە هەنگاوی باشی ناوە لە چوارچێوەی چاکسازییەکاندا.”
دەشڵێت: ”پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە هەموو بوارەکاندا و هەنگاوی باشیشی بڕیوە.”