ڤلادمیر پوتین، سەرۆكی روسیا ئاگربەستێكی كاتی لە ئۆكرانیا راگەیاند.
كۆشكی سەرۆكایەتی روسیا – كریملین لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، بەبۆنەی هاتنی جەژنی كریسمسی ئۆرسۆدۆكسەكان، لەسەر داوای پاتریارك كریل، رێبەری ئۆرسۆدۆكسەكانی روسیا، بۆ ماوەی 36 كاتژمێر شەڕ لە ئۆكرانیا دەوەستێنرێت.
بەپێی راگەیەنراوەكە كاتژمێر 12ی نیوەڕۆی 6ی كانوونی دووەم بە كاتی مۆسكۆ كە هەمان كاتی هەولێرە، تاوەكو كاتژمێر 12ی شەوی 7ی مانگ، لە هەموو بەرەكانی جەنگ، روسیا هێرشەكانی دەوەستێنێت.
كرێملن وتویەتی “لەبەرئەوەی ژمارەیەكی زۆری بڕوادارانی ئۆرسۆدۆكس لە ناوچەكانی شەڕدا دەژین، ئێمە داوا لە لایەنی ئۆكراینی دەكەین ئاگربەستێك رابگەیێنێت و دەرفەتیان پێبدات لە رۆژی پێش كریسمس و لە رۆژی لەدایكبوونی مەسیح، بچنە كەنیسەكان بۆ نزاكردن.”
ماوەی 11 مانگە هێرشەكانی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا دەستی پێكردووە و روسیا چۆتە چەندین شاری ئۆكرانیا.