زاری كرمانجی-سۆران:
بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بۆ تاپۆكردنی خانووی زێدەڕۆیی تەنها چەند رۆژێكی ماوە، قائیمقامی قەزای ناوەندی سۆرانیش، دەڵێت ” تائێستا رێنمایی و بڕیاری نوێی نەهاتووە، ئایا ئەو وادەیە درێژ دەكرێتەوە یان نا.
مەغدید عەریف ئەحمەد، قائیمقامی قەزای ناوەندی سۆران بەوەكالەت، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” بە گوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، سەرجەم ئەو خانووانەی بەشێوەی زێدەڕۆیی پێش رێكەوتی 31/12/2020 دروست كراون، یاسای زێدەڕۆكار دەیانگرێتەوە، كۆتا وادە بۆ وەرگرتنی داواكارییەكانیان رێكەوتی 9/9/2022ـە و پاش ئەو وادەیە ئیدی لەو مافە یاساییە بێبەش دەبن، بۆ ئەو مەبەستە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، داوا لە هاووڵاتییان دەكات بە زووترین كات داواكانیان پێشكەش بە لیژنەی تایبەتمەند لە قەزا و ناحییەكان بكەن، بۆ ئەوەی لەو دەرفەتە سوودمەند بن كە تەنیا دوو رۆژی ماوە”.
قائیمقامی قەزای ناوەندی سۆران بەوەكالەت، گووتیشی: ” تائێستا رێنمایی و بڕیاری نوێی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار نەهاتووە، ئایا ئەو وادەیە درێژتر دەكرێتەوە یان كۆتا بڕیارەكەیە”.