زاری كرمانجی :
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم، دەنگۆی وەستان و دابەشنەكردنی نەوتی سپی ماڵان بەسەر هاووڵاتییان بە راگەیاندراوێك رەتكردەوە و دەڵێ:”پرۆسەی دابەشكردنی نەوت بەسەر هاووڵاتییان بەردەوامە و تا ئێستا 234 هەزار و 254 خێزان سوودمەند بوون.”
لە راگەیاندراوەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە كە لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتییەكانی نەوت و كانزاكانی پارێزگاكانەوە، بڕی 46 ملیۆن و 850 هەزار و 800 لیتر نەوتی سپی ماڵان لەهەرێمی كوردستان دابەشكراوە،”
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان باس لەوەش دەكات كە لە سنووری پارێزگای هەولێر 15 ملیۆن و 564 هەزار و 600 لیتر نەوتی سپی دابەشكراوە و 77 هەزار و 822 خێزان لەو دابەشكردنە سوودمەند بوون، لە سنووری پارێزگای سلێمانی و پارێزگای هەڵەبجەش 18 ملیۆن و 828 هەزار و 800 لیتر نەوتی سپی دابەشكراوە و 94 هەزار و 144 خێزان لێ سوودمەند بوون، هاوكات لە پارێزگای دهۆكیشدا، 12 ملیۆن و 457 هەزار و 600 لیتر نەوتی سپی دابەشكراوە و 62 هەزار و 288 خێزان سوودمەند بوون.”
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان راشیگەیاند، پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی بەردەوام دەبێت و بەمنزیكانە دابەشكردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەكان تەواو دەبێت و لە دەوروبەری پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.