زاری کرمانجی :
بە هۆی هاتنی بەفر و بارینی باران لە هەندێک شوێنی ئیدارەی سۆران، گومان دەکرا شەقامەکانی ناوچەکە بە هۆی هاتنە خوارەوەی شاخ تووشی گیران ببن و ئاستەنگی لە بەردەم شۆفێران دروست بکات، بەڵام هەر وەکوو بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی سۆران بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند هیچ حاڵەتێکی لەو شێوەیە نەبووە.
خوسرەت سادق بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی سۆران بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوو هیچ حاڵەتێکی ڕێگا گیران بە هۆی بەفر و بارانەوە یان هاتنە خوارەوەی شاخ ڕووی نەداوە، جگە لە چۆمان و حاجی ئۆمەران کە لەوێ بەفر باریبوو، بەڵام هەر زوو تیمەکانمان هەستان بە ڕاماڵینی و لێدانی خوێ لە شەقامەکان، بۆ ئەوەی دوور بێت لە بەستن و ئاستەنگی بۆ هاتووچۆ دروست نەکات.”
خوسرەت سادق ئەوەش دەڵێت :” سێ تیمی جێگرمان هەیە و بە شەوانیش ئێشگر و لە ئامادەباشی دان بۆ هەر ڕووداوێکی نەخوازراو کە بە بۆنەی هاتنی بەفر و باران لە سەر شەقامەکان دروست ببێت.”