زاری کرمانجی :
سەرۆکی دەستەی سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکاتەوە ئەگەر پابەندی زمانی کوردی نەبن لەسەر تابلۆکانیان، ئەوا مۆڵەتەکەی لێ دەسەنرێتەوە و ڕووبەڕووی سزا دەکرێنەوە، باس لەوەش دەکات کە دەبێت سەرجەم ئەو شوێنانەی کارمەندی عەرەبیان هەیە فێری زمانی کوردیان بکەن.
ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم ڕایگەیاند سوورن لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری بە کوردی کردنی تابلۆی شوێنە گەشتیارییەکان و مێنوی چێشتخانە و کافتریاکان، لە قۆناخی یەکەمیشدا سەرجەم شوێنەکانیان پابەند کردووە کە ڕێژەی 30%ی کارمەندەکانیان پێویستە دەستی کاری ناوخۆیی بێت.
ئەمەل ئاشکراشی دەکات کە لەم کابینەیەدا درکیان بە مەترسی بەکارنەهێنانی زمانی کوردی لەشوێنە گەشتیارییەکان کردووە و بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاری پێویستیان دەرکردووە و لەو مۆڵەتەی بە شوێنەکان دراوە تەنیا مانگێک ماوە بۆ ئەوەی تابلۆکانیان بۆ زمانی کوردی بگۆڕن.
لە بارەی پابەندبوونی شوێنە گەشتیارییەکان بە بڕیارەکەیان، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم دەڵێ:” نزیکەی لە40%ی شوێنە گەشتیارییەکان بەو بڕیارە پابەندبوون، بەشێک لەو شوێنانەش داوای مۆڵەتی سێ مانگیان کردووە بۆ ئەوەی تابلۆکانیان لە دەرەوەی وڵاتەوە بگاتە دەستیان، کە دوو مانگ بەسەر ئەو مۆڵەتەش تێپەڕیوە و مانگێک دەرفەتیان لەبەردەم ماوە”.
لەگەڵ ئەوەش تەواوی شوێنە گەشتیارییەکان ئاگادار کراونەتەوە کارمەندە بیانییەکان خۆیان فێری زمانی کوردی بکەن، هەر وەکوو ئەمەل جەلال باسی دەکات: “سەرجەم شوێنە گەشتیارییەکانمان پابەند کردووە کە پێویستە ئەو کارمەندە بیانی و عەرەبانەی لەلایەن کار دەکەن فێری زمانی کوردی ببن و بۆ ئەو مەبەستەش هەموو ئەو شوێنانە دەتوانن خولی فێربوونی زمانی کوردی بۆ کارمەندە بیانییەکانیان بکەنەوە”.