زێرینگرێك :”هەر كاتێ نرخی زێر دابەزی، رێژەی هاوسەرگیری زیاد دەبێت”
رۆژان قیاس- زاری كرمانجی :
لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا و دواتر شەڕی نێوان روسیا و ئۆكراین، نرخی زێر بە رێژەیەكی بەرچاو رووی لە بەرزبوونەوە كردبوو، كە لە ماوەی چەندین ساڵە بەو نرخە نەبووە، ئەمڕۆ چوارشەممە نرخی زێر دابەزی.
لەمبارەیەوە رەشید شێروانی، یەكێك لە خاوەن زێڕینگرەكانی سۆران بە زاری كرمانجی گووت” دوای یەك ساڵ لە بەرز بوونەوەی نرخی زێر، ئەمڕۆ دابەزینی بەخۆیەوە بینی، كە لە ساڵی پارەوە بەو جۆرە دانەبەزیوە”،
هۆكاری دابەزینی زێڕ هەروەكو شێروانی باسی دەكات بۆ رێكەوتنەكەی نێوان ئەمریكا و ئێران دەگەڕێتەوە، كە رێگە بە ئێران دراوە نەوتی خۆی بفڕۆشێت.
ئەم زێرینگرە پێشبینی زیاتری دابەزینی زێر دەكات و دەڵێ” پێشبینی دەكەین زیاتر دابەزێت، بەڵام ناگەڕێتەوە بۆ نرخی پێش هاتنی كۆڕۆنا، ئەم دابەزینە كاریگەر لەسەر بەرزبوونەوەی پێكهێنانی پڕۆسەی هاوسەرگیری دەكات، چونكە كڕینی زێر یەكێكە لە بەشە گرنگەكانی پڕۆسەی هاوسەرگیری”.