زاری كرمانجی -هەولێر:
ڕاوێژکاری تەندروستیی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد، پڕۆژەیاسای بیمەی تەندروستی لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانە و بڕیارە ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت بۆ پەسەندکردن و دەشڵێت، ھاووڵاتییان سوودمەند دەبن، بەتایبەتی ھەژاران.
د. خالس قادر، ڕاوێژکاری پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند؛ “پڕۆژەی بیمەی تەندروستی لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە ئامادە کراوە و ڕەوانەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە، بڕیارە حکوومەت پڕۆژەکەی ڕەوانەی پەرلەمان بکات بۆ پەسەندکردن، ئەو پڕۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژە گرینگەکان بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان، چونکە دەبنە خاوەنی بیمەی تەندروستی و، بەتایبەتی بۆ چینی ھەژاران زۆر گرینگە.”
ڕاوێژکاری تەندروستیی پەرلەمان گوتیشی: “لە پڕۆژەکەدا ھاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو بەرامبەر بە پارەیەکی کەم خزمەتگوزاریی تەندروستی پێشکەش دەکرێت. لەوەش گرنگتر، وەزارەتی تەندروستی لەو پارەیەی لە بیمەی تەندروستی دەستی دەکەوێت، دەبێتە خاوەنی بودجەی خۆی.”
لەبارەی بیمەی تەندروستیی بەغداوە د. خالس قادر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: “ئەوەی بەغدا ھاووڵاتییانی ھەرێم ناگرێتەوە، تەنیا لە حاڵەتێکدا نەبێت، ئەگەر بێت و پەرلەمانی کوردستان پەسەندی بکات، بەڵام ئەگەر ئێمە یاسای بیمەی تەندروستی دەربکەین ئەوەی ھەرێم باشترە و پێویستمان بە بیمەی تەندروستیی بەغدا نابێت.”