زاری كرمانجی – هەولێر:
بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە هەرێمی کوردستان گوتی، ئێستا بەرهەمی کارەبامان بەو سەرمایە دەگاتە 3 هەزار و500 مێگەوات کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیاترە و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی بەرهەم زیاد بکەین.
پێشڕەو نووری، بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە هەرێمی کوردستان، گوتی: ”ئێمە لە هەرێمی کوردستان ژێرخانی بەرهەمهێنانی کارەبامان دەگاتە حەوت هەزار مێگەوات، بەڵام ئەوەی ئێستا بەرهەممان هەیە دەگاتە نزیکەی 3 هەزار و700 مێگەوات و ئێستاش لەم مانگە کە زۆر ساردە بەرهەممان لە 3 هەزار و 500 مێگەوات کەمتر نەبووە بەراورد بە پار و باشترە.”
پێشڕەو نووری گوتیشی: ”هەوڵەکانی ئێمە بەردەوامە بۆ ئەوەی ئەو یەکەکانی هەن کاریان پێ بکەین و بەرهەمی پێ زیاد بکەین، بەڵام توانای بەرهەم سنووردارە بەهۆی سووتەمەنییەوە، چونکە لە هەرێمی کوردستان ئەوانەی لەکاردان 15 وێستگەن، بۆیە پلانمان وایە توانای بەرهەمهێنان بەرز بکەینەوە کە لە وێستگەی بازیان دوو یەکەی دیکە دامەزراون و لە قۆناغی تێستدان و لە ماوەیەکی نزیکدا دەکەونە کار و بەرهەمیان دەبێت و لە هەمان وێستگەدا کە بە گازی سروشتی کار دەکات پلانمان هەیە 250 مێگەوات کارەبا لەو گەرمیەی لە گزۆزەکان دەردەچێت بەرهەم بێنین و لە وێستگەی خورمەڵە کارەکانی دیزاین و ڕووپێوی تەواو بووە و ئامادەکاری کراوە بۆ ئەوەی لەوێش بە هەمان شێوە 500 مێگەوات کارەبا بەرهەم بێنین کە خۆی شەش یەکەی کارەبای هەیە.”
نووری گوتیشی: ”سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بودجەیەکی بۆ دابین کردووین بۆ ئەوەی چاکسازی لە چەند یەکەیەک بکرێت کە دەمێک بوو بەهۆی قەیرانی داراییەوە چاکسازیی تێدا نەکرابوو، بۆیە لە داهاتوویەکی نزیکدا چاکسازی دەکرێت و بڕێکی زۆری کارەبا زیاد بێت، بۆیە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی دۆخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان باشتر بکرێت.”