ئادار عەبدوڵڵا _ زاری کرمانجی
بەپێی ئاژانسێکی ئازەربایجان : حکومەتی ئازەربایجان لە ڕێگەی وەزارەتی پەروەردەوە ڕێنمایی نوێی بۆ پۆشاکی یەکپۆشیی قوتابخانەکان دەرکردووە بۆ پاراستنی بنەمای عەلمانییەت لە سیستەمی پەروەردەدا. هەرچەندە لە دەقی یاساکەدا ڕاستەوخۆ ناوی حیجاب نەهێنراوە، بەڵام جێبەجێکردنی ڕێنماییەکە بووەتە هۆی ڕێگریکردن لە چوونی ئەو قوتابی و مامۆستایانەی حیجاب دەپۆشن بۆ ناو پۆلەکان. هەروەها ئازەربایجان کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی موسڵمانن.
ئەو ڕێسا نوێیانەی لە مانگی ئەیلوولدا کەوتنە بواری جێبەجێکردنەوە، نەک هەر ناوی حیجاب ناێنن بەڵکو ڕێگری لەو جلوبەرگانە دەکەن کە بە گوتەی حکومەت لەگەڵ بنەمای علـمانيەت لە پەروەردەدا ناگونجێن. لە دوای ئەم گۆڕانکارییانە، چەندین گرتەفیدیۆ بڵاو بوونەتەوە کە تێیدا کچان و مامۆستایانی حیجابپۆش لە باکۆ و شارەکانی دیکە لە قوتابخانەکان دەگەڕێنرێنەوە.
ئەم بڕیارە شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی لێكەوتووەتەوە، هەروەها قوتابیان دەستیان بە بایکۆتكردنی هۆڵەکانی خوێندن کردووە و مامۆستایانیش ناچار کراون بۆ بەردەوامبوون لە کارەکانیان حیجابەکانیان لابەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە نزیکەی 96٪ـی دانیشتووانی ئازەربایجان موسڵمانن.

































































