موڕشید برادۆستی – سیدەکان:
لە قەزای سیدەکانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، تاپۆ کردنی خانوو و زەوی هاووڵاتییان هێشتا نەچۆتە واری جێبەجێکردن، ئەمە لە کاتێکدایە سەدان هاووڵاتیی داواکاری تاپۆ کردنی خانووەکانیان پێشکەش کردووە.
عەبدولقادر ئەکڕەم سەرۆکی شارەوانی قەزای سیدەکان، بە زاری کرمانجی راگەیاند:” لە رابردوو یاسایەک لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە تایبەت بۆ تاپۆ کردنی خانوو و موڵکی هاووڵاتییان، لە قەزا و ناحیەکانیش خەڵکێکی زۆر مامەڵەیان تەواو کردووە، لە سنووری شارەوانی سیدەکانیش لە قۆناغی یەکەم نزیکەی ” 300 ” کەس داواکارییان بۆ تاپۆ کردنی خانووەکانیان پێشکەش بە ئێمە کردووە، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی خانووی دانیشتوانانی سنووری شارەوانیمان بە شێوەی فەرمی تۆمار بکرێن.
سەرۆکی شارەوانی سیدەکان، دەڵێت:” بە قەزابوونی سیدەکان ئاسانکاری زۆر بۆ کار و باری کارگێڕی دروست دەکات، کاری رژدی لەسەر دەکەین بۆ ئەوەی تاپۆ لە سیدەکان بکرێتەوە و خانو موڵکی هاوڵاتییان لەماوەیەکی زوودا تاپۆ بکرێن.
قەزای سیدەکان لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، لە ژمارەیەک گەڕەک و کۆڵان و 266 گوند پێکهاتووە و نزیکەی 20 هەزار دانیشتووی لێیە.