شەهلا رەشید- زاری كرمانجی :
كەمی هەندێك داودەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەكان لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سۆران كێشەی بۆ ئەو نەخۆشانە دروست كردبوو كە لەم دەرمانانە سوودمەند دەبن.
قادر جامی، بەرپرسی بنكەی تەندروستی ههندرێن، لەم بارەوە بە زاری كرمانجی راگەیاند” لە بنكەكەمان زیاتر لە چوار هەزار هاووڵاتی لە وەرگرتنی دەرمانەكانی نەخۆشییە درێژخایەنەكان سوودمەند دەبن، ماوەیەك بەر لە ئێستا كێشەی نەبوونی هەندێك داودەرمانمان هەبوو كە زۆر زەروور بوون، بەڵام كێشەكە چارەسەركراوە و ئەو دەرمانانەی كە زۆر پێویستن هەمانە.
گووتیشی” هەموو ئەو دەرمانانە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر دابین دەكرێن، ئەگەر لە هەر دەرمانێك كەموكوڕیمان هەبوو ئەوه لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سۆران نووسراوێك ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر دەكرێت، هەر دەرمانێكیش لە هەولێر دەستمان نەكەوێت، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سۆران بۆمان دابین دەكات، بەپێی ئەو نووسراوەی كە رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر دەكرێت.