پشتگوێخستنی سۆزداری منداڵ و کاریگەریە درێژخایەنەکانی لەسەر کەسایەتی
ئامادەکردنی: شیتال عبدالعزیز جمیل (مامۆستای زانکۆ)
لە ئەدەبیاتی دەروونناسی گەشەکردندا، کاتێک باسی «ئازاردانی منداڵ» دەکرێت، زۆربەی خەڵکی ڕاستەوخۆ توندوتیژی جەستەیی، ڕەفتاری ڕەق و سووکایەتیان بەمێشکدا دێت. بەڵام جۆرێکی ئاڵۆزتر و شاراوەتر لە ئازاردان هەیە کە نە شوێنەواری جەستەیی بەجێدەهێڵێت و نە هیچ دەنگەدەنگێک لە ناو خێزاندا دروست دەکات؛ ئەم دیاردەیە لە دەروونناسیدا بە پشتگوێخستنی سۆزداری منداڵ(Childhood Emotional Neglect – CEN) دەناسرێت.
بەپێی توێژینەوەکانی دکتۆر جۆنیس وێب (Dr. Jonice Webb) پسپۆڕی سەرەکی ئەم بوارە، پشتگوێخستنی سۆزداری بریتیە لە دەستەوەستان یان ناچالاکی(Passivity) دایک و باوک لە وەڵامدانەوەی پێویست و شایستە بۆ پێداویستیە سۆزداریەکانی منداڵ. جیاوازی بنەڕەتی لە نێوان ئازاردان (Abuse) و پشتگوێخستن (Neglect) لەوەدا کۆدەبێتەوە کە ئازاردان ڕەفتارێکە ئەنجام دەدرێت (کردەوە)، بەڵام پشتگوێخستن نەبوونی ڕەفتارێکە کە دەبوو ئەنجام بدرێت و نەکراوە (ناچالاکی یان Passivity).
لە زۆرێک لە خێزانەکاندا، دایک و باوکان بەباشترین شێوە پێداویستیە ماددیەکانی وەک: خۆراک، جلوبەرگ، شوێنی نیشتەجێبوون و خوێندن دابین دەکەن، بەڵام بەهۆی نەبوونی هۆشیاری سۆزدارییەوە، ئامادەیی دەروونیان بۆ تێگەیشتن و هاوسۆزی لەگەڵ هەستەکانی منداڵەکەیاندا نیە. کاتێک منداڵێک تووشی ترس، دڵتەنگی یان تووڕەیی دەبێت و لەلایەن دایک و باوکیەوە وەڵامی گونجاوی نادرێتەوە پەیامی «ئەم هەستەی تۆ گرنگ نیە»ی پێدەگات، منداڵەکە بە نەستەکی فێر دەبێت کە هەست و ناخی خۆی بشارێتەوە.
لە لایەنی دەمارناسیەوە (Neuroscience)، ئەم بێدەنگی و پشتگوێخستنە کاریگەری مەترسیدار لەسەر تەلارسازی مێشک (Brain Architecture) جێدەهێڵێت. توێژینەوە زانستییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە وەڵامدانەوەی سۆزداری بەردەوام، دەبێتە هۆی گەشەی دروستی ناوچەی پێشەبەشی توێکڵی مێشک (Prefrontal Cortex) و ئامیگدالا (Amygdala)، کە بەرپرسە لە ڕێکخستنی هەستەکان، کۆنترۆڵی سترێس و دروستکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی. کاتێک منداڵ لە کەشێکی خاڵی لە هاوسۆزیدا گەشە دەکات، سیستەمی دەماری تووشی شڵەژان دەبێت و ناتوانێت میکانیزمی تەندروست بۆ بەرگەگرتنی حالهتی تهنگانه و گرژیهكان پەرە پێبدات.
کاریگەریەکانی پشتگوێخستنی سۆزداری لە تەمەنی گەورەساڵیدا بە ڕوونی دەردەکەون. کەسانی زیان لێکەوتوو زۆربەی کات تووشی »ههست كوێری« (Alexithymia) دەبن، واتا توانای ناسینەوە و دەربڕینی هەستەکانی خۆیان نیە. هەروەها تووشی » سەربەخۆیی دژوار(Counter-dependence) « دەبن؛ بەو پێیەی لە منداڵیەوە فێربوونه كه پشتیوانی لە کەسەوە وەرنهگرن، ههربۆیه لە تهمهنی گەورەییشدا داواکردنی یارمەتی بە لاوازی دەزانن و هەموو بارگرانیە دەروونیەکانیان بەتەنیا هەڵدەگرن، کە ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ هەستکردنی بەردەوام بە »بۆشایی ناوەکی « (Chronic Emptiness) و خۆڕەخنەکردنی بێبەزەییانە.
چارەسەری ئەم برینە شاراوەیە لە ڕێگەی تایبەتمەندی »نەرمی دەماری «(Neuroplasticity) لە مێشکدا دەستپێدەکات. واته (توانای مێشك بۆ خۆ ڕێكخستهوهو درووستكردنی تۆری دهماری نوێ و گۆڕینی كاركردنی له وهلامی فێربوون و ئهزمووندا). ههربۆیهش دەروونناسان جەخت لهوه دهكهنهوه کەوا مرۆڤ لە هەر تەمەنێکدا بێت دەتوانێت فێری ڕێکخستنەوەی هەستەکانی ببێت. ئەم پرۆسەیە لە ڕێگەی ناسینەوە و ناو لێنانی هەستەکان، ڕێگەدان بە ئەزموونکردنی خەم و تووڕەیی بەبێ سزادانی خۆد و داواکردنی هاوکاری دەروونی لە پسپۆڕان یان هاوبەشی ژیان جێبەجێ دەبێت.
لە کۆتاییدا، تێگەیشتین لەوەی کە منداڵ بەتەنیا بە خۆراک و خانوو گەشە ناکات، بەڵکو تێنووی هاوسۆزی و دیداری سۆزدارانەیە، ئهمهش هەنگاوی یەکەمە بۆ دروستکردنی نەوەیەکی تەندروست و بڕوابەخۆبوو.


































































