شەهلا سۆفی – زاری کرمانجی:
کاتێک گەنج هاوسەرگیری نەکردووە، هەمیشە بە دیدگایەکی ژیانێکی پڕ بەختەوەری لە هاوسەران دەروانن، بەڵام پێکهێنانی ژیانی هاوبەش، بەچاوی مرۆڤی بەختەوەر لەو گەنجانە دەروانن کە هاوسەر گیریان نەکردووە .
بە بۆچوونی ئومێد ڕواندزی گەنج پێش هاوسەرگیری تەنیا لایەنە ڕۆمانسی و ئارامیەکەی هاوسەرگیری دەبینێت و وەک “کۆتایی هەموو سەختییەکان” لێی دەڕوانێت، چونکە هێشتا ڕووبەڕووی بەرپرسیارییەتییە ڕۆژانەییەکان نەبووەتەوە. مرۆڤ سروشتی وایە هەمیشە بەهای ئەوشتانە بەرزتردەبینێت کە لەئێستادا لەدەستی داون یان هێشتابەدەستی نەهێناون، بە دڵنیاییەوە هەردوو قۆناغەکە خۆشی و سەختی تایبەتی خۆی هەیە.
پارێزەر فاتیما برادۆستی دەڵێت: زۆربەی گەنجی ئێستا لەهاوسەرگیریدا تەنیا چاویان لەسەر لایەنی سۆزداریە و لەبەرکردنی جلێکی جوان و ئاهەنگ کردن،وە کاریگەری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیشیان لەسەرە کاتێک دیمەنی بوک و زاوایەک دەبینن جۆش و خرۆش دایاندەگرێ ، هەندێکیشیان بۆ ڕزگاربوون لەتەنیای ئەم بڕیارەیان داوە. بەڵام کاتێک هەردووکیان ئەکەونە نێو پڕۆسەکەو ڕووبەڕووی واقعیەت دەبنەوە دەبینن پڕە لە بەرپرسیارێتی ، لەکاتێکدا نێر و مێ تەواوکەری یەکن بۆیە پێویستە هەوڵدەن لێک تێبگەن و بگونجێن .
بە ووتەی دلشاد میراودەلی: دوو هۆکاری بنچینەیی هەن یەکەم/ بارگرانی و زەحمەتییەکانی ژیان
دووەم/ ئاستی لاوازی ڕۆشنبیری کەسەکان.
مەنسور گەنجێکی ترە و دەڵێت: مرۆڤ هەمیشە حەز بەو شتە دەکات کە نییەتی گەنجی سەڵت بە هیوا و ئارەزووی سەربەخۆیی و دروستکردنی خێزان سەیری هاوسەران دەکات، هاوسەرەکانیش بە پێچەوانەوە، بە چاوی حەسرەتەوە سەیری سەربەخۆیی و بێخەمیی سەردەمی سەڵتیی خۆیان دەکەن.
ئاسۆ سالح پێی وایە بەشێکی پەیوەندی بە ئەزموون نەکردنی ژیانی تاکایەتییەوە هەیە. بۆیە وێڵە بەدوای ئازادیی تاکایەتیی کە زۆر جار لە کۆمەڵگە نەریتییەکاندا، کە خێزان سەنتەرە نەک تاک، بۆیە کاتێک تاک لە واقیعی مەجازی بەر ژیانی تاکایەتی دەکەوێت بەڵام واقیعی ڕاستەقینەدا بەر ئەو ژیانە ناکەوێت بەهۆی پەیوەندییە پتەوەکانی کۆمەڵایەتیبوون.


































































