دیدار-زاری كرمانجی
سەرۆكی سەنتەری رۆشنبیری ئاشووری دیانا، لە دیدارێكی زاری كرمانجی دەڵێت: “ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و هەرێمی كوردستان بەگشتی، نموونەیەكی باڵای مرۆیی و جوانی پێكەوەژیانی ئایینی، ئاڕاستە جیاوازەكان و نەتەوەكان پێشكەش دەكەن لە ناوچەیەكی پڕ لە ئاڵۆزیی وەك ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
م. ئیڤان جانێ سەرۆكی سەنتەری رۆشنبیری ئاشووری دیانا، گووتیشی: ” پێكەوەژیان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە ئاستێكی زۆر باش و پێشكەوتوودایە. پەیوەندییەكی برایانە و پتەو لە نێوان پێكهاتە جیاوازەكاندا هەیە، بەتایبەت لە نێوان هاووڵاتییە موسڵمان و مەسیحییەكاندا، كە لە زۆربەی ناوچەكان و گوندەكاندا لە خۆش و نەخۆشیدا هاوبەشن. ئەم هاوسەنگییە كۆمەڵایەتییە وایكردووە، كە سۆران ببێتە نموونەیەكی زیندووی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و ڕێزگرتنی یەكتر لەسەر ئاستی كوردستان و ناوچەكە.
دەشڵێت: “حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی وەك ناسنامە و ستانداردێكی شارستانیی خۆی دەناسێنێت و بە بایەخێكی زۆرەوە دەڕوانێتە پاراستنی. حكومەت لە ڕێگای دەركردنی یاسا و ڕێسای پێویست بۆ پاراستنی مافی كەمینەكان، دامەزراوەی تایبەت و فەراهەمكردنی ئازادیی تەواوی پەرستش بۆ مەسیحی و پێكهاتەكانی تر، زەمینەیەكی لەباری دروستكردووە تاوەكو هەمووان بە ئارامی و لە سێبەری یاسادا ژیان بەسەر ببەن”.
سەرۆكی سەنتەری ئاشووری دیانا، ئەوەش دەخاتەڕوو: ” دەبێت ئەوەشمان لە یادبێت ڕێبازی بارزانی، خاوەن مێژوویەكی سەدان ساڵەی پڕ لە هاوكاری و پێكەوەژیانە، كە لە پەیوەندییە مێژوویی و قووڵەكەی نێوان مەرجەعییەتی بارزان و مەتران و كەسایەتییە ئایینییەكانی مەسیحییەوە سەرچاوە دەگرێت”.
هەروەك ئەم ڕێبازە هەمیشە قەڵغانێكی پارێزەر بووە بۆ ماف و شۆكی گشت پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان (وەك ئاشووری، كلدان، سڕیان و ئەزیدییەكان…).. تاوەكو ئەمڕۆش ئەو ڕۆحە پێكەوەییە بەردەوامە و وەك بنەمایەكی سەرەكی لە پاراستنی فرەیی و پێكەوەژیاندا ڕەنگدانەوەی هەیە.


































































