زاری كرمانجی- هەولێر:
ڕاوێژکاری ئابووریی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد کە بڕیارە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی چەند پێوەرێک پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەست پێ بکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستە و زانینی وردەکارییەکان لەگەڵ ئەنجومەنی ڕاژە کۆ دەبینەوە.
دکتۆر ئەرشەد تەها، گوتی: ”ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری داوە کە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەست پێ بکاتەوە کە بەپێی چەند پێوەرێک دەبێت، بەڵام تا ئێستا باسی وردەکاریی پێوەرەکان نەکراوە و ئێمەش بۆ زانینی وردەکارییەکان و چۆنیەتیی دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران بڕیارە لەگەڵ ئەنجومەنی ڕاژە کۆ بینەوە.”
ڕاوێژکاری ئابووریی پەرلەمانی کوردستان ڕوونیشی کردەوە: ”داواکاریمان پێشکەش کردووە و چاوەڕێ دەکەین ئەنجومەنی ڕاژە وادەیەک دیاری بکات بۆ ئەوەی پێکەوە کۆ بینەوە و باسی وردەکارییەکان بکرێت کە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەست پێ بکاتەوە.”
دکتۆر ئەرشەد تەها ڕوونیشی کردەوە: ”ئەو پێوەرانەی لە هەندێک میدیا باس دەکرێن ڕاست نین، چونکە ئەنجومەنی وەزیرانیش باسی وردەکاری و پێوەرەکانی نەکردووە، بۆیە کە کۆ بووینەوە ئەوکات وردەکارییەکان دیار دەبن و کەی پلەبەرزکردنەوە دەست پێ دەکاتەوە.”
تەها باسی لەوەش کرد: ”بڕیارە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا بودجەی خۆی ئامادە بکات بۆ ئەمساڵ و لەناو بودجە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران جێگیر بکرێت.”