وەرزش ـ زاری کرمانجی:
لەدوا گەڕی قۆناخی یەکەمی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، رواندز و هەڵۆ نەیانتوانی سەرکەوتن بەدەست بهێنن.
لەیاریی یەکەم و لەشاری سلێمانی، لەسەر یاریگەی زانکۆ، یانەی سلێمانی پێشوازی لە یانەی هەڵۆ کرد، سەرەنجام 3-1 لەسوودی یانەی خانەخوێ تەواو بوو، گۆڵەکانی لەسلێمانی لەرێگەی یاریزانان دانیار ئیسماعیل گۆڵێک و هێمن فەرەج دوو گۆڵ ـەوە تۆمارکران و، تاکە گۆڵی هەڵۆش ئەمیر حسێن تۆماریکرد.
هەڵۆ، لە نۆ گەڕ توانی 12 خاڵ کۆبکاتەوە بەوەی، سێ بردنەوە، سێ یەکسانبوون و سێ شکستی تۆمارکرد و لەپلەی نۆیەمی ریزبەند دێن. سلێمانیش بە 21 خاڵ لەپێشەنگی ریزبەند دایە.
لەیارییەکی دیکەدا و لەدەڤەری گەرمەسێر، رزگاری پێشوازی لەرواندز کرد و برینەکانی کوڕانی پایتەختی میرنشینی سۆرانی قوڵتر کرد.
رزگاری بە سێ گۆڵی هەمزە حەمید، ئارام عەلی و سەرخێڵ سەردار یارییەکەیان بردەوە، لە هەشت یاریی بوونە خاوەنی 11 خاڵ و لەپلەی یازدە دان.
رواندزییەکان لەنۆ گەڕ بردنەوەیەک، چوار یەکسانبوون و چوار شکستیان هەیه، بە 7 خاڵ لە پلەی هەژدەی ریزبەند دێن.
لەقۆناخی دووەم رکابەرییەکان بەتینتر دەبن بەوەی شەڕی سەرکەوتن بۆ نایاب و مانەوە توندتر دەبێت، لەئێستادا مەترسی لەسەر رواندز وەک نوێنەری ئیدارەی سۆران هەیە، بەوەی یەکێک بێت لەو یانانەی کە دادەبەزن بۆ ریزی یانە پلە دووەکان. لەقۆناخی دووەم هەر یانەیەک نۆ یاریی ئەنجامدەدات.