زاری کرمانجی – تەندروستی:
د.ئاوات ئیبراهیم، دكتۆرا بۆرد لە نەخۆشییەكانی ئافرەتان و منداڵ بوون
پەتایی سكچوون و رشانەوە بەشێوەیەكی بنەڕەتی لە خواردن و خواردنەوەی پیس روودەدات، دەڵێ:” ئەگەر هاتوو بەشێوەیەك ئاوەكە پیس بێ و تووشی بەكتریا بووبێت، سەوزەكان بەئاوی پیس بەرهەم هێنرابێت و خواردن بۆ ماوەیەكی درێژ مابێتەوە بەمەش دەبێتە هۆی هەوكردنی ریخۆڵەكان بە بەكتریا و تووشی سكچوون و رشانەوە دەبن.
مەترسییەكانی ئەم پەتایە چین لەسەر ئافرەتی دووگیان؟
لەشی مرۆڤ ٧٠٪ ی ئاوە، ئەو ئاوەی لەشی مرۆڤ هاوسەنگییەكەی پارێزاروە بە ئەلیكترۆڵایت واتا خوێیەكانی لەش، كاتێك ریخۆڵە تووشی ئەم هەوكردنە دەبێت بەمەش هاوسەنگییەكانی خوێیەكانی لەش تێكدەچێت و ئاوێكی زۆر لە لەشی دەچێتە دەرەوە بەهۆی سكچوون و رشانەوە، بەمەش دەبێتە هۆی وشك بوونی ئافرەتەكە و ئەگەر هاتوو بۆ ماوەیەكی خێرا چارەسەر نەكرێت دەبێتە هۆی مردنی، ئەگەرێكی زۆری هەیە ببێتە هۆی مردنی كۆرپەكەی یان زووتر لەدایك بوونی واتا كۆرپەكە نا ئاكام دەبێت بەمەش مەترسی لەسەر تەندروستی منداڵەكە دەبێت كێشی كەم دەبێت
باشترین چارەسەر بۆ ئافرەتانی دووگیان ئەمانەن:
١-دابین كردنی ئاوی پاك و كوڵاندنی، پاشان ساردكردنەوەی.
٢-دەست شوشتن لە پێش و پاشی خواردن، هەروەها دوای چوونە سەرئاو پێویستە دەستەكانیان بیشۆن.
٣-بەكارنەهێنانی خواردنی ماوە بەسەرچوو.
٤-پێدانی شیری دایك بە منداڵەكەی دوای لە دایك بوونی.
٥- بەزوترین كات سەردانی پزیشكی پسپۆر بكات بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو ئاوە ئەلیكترۆڵایتەی كە لە لەشی كەمی كردووە.