پێكهاتەكانی توركمان و سرییان و ئەرمەن لە كوردستان كۆبوونەوە و باسی سیستمی كۆتایان كرد، لەبارەی گەڕانەوەی كورسییەكانیان كە پێشتر 11 كورسی بوو، بڕیاریان دا پێكەوە كاری بۆ بكەن و ئەو كورسییانە كە مافی خۆیانە بگێڕنەوە.
ئایدن مەعرووف لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی گوتی، هەموو پێكهاتەكان كۆبوونەوە و بڕیارمان دا، لە پشت حكوومەتی هەرێم بین و دڵخۆشین بە یەكگرتنی پێشمەرگە كە پارێزەرمانە.
باسی لەوەش كرد، كورسیی كۆتایی پێكهاتەكان پێشتر لە كوردستان چەسپی بوو، ئەو پێكهاتانە شایانی 11 كورسین و ئەوەی بەرانبەریان كرا، كورسییەكانیان كرایە پێنج كورسی غەدرێكی گەورە بوو.
لەبارەی پێكهاتەكان لە كوردستان ئایدن مەعرووف گوتی، لە كوردستان پێكهاتەكان مافەكانیان پارێزراوە و حكوومەتی هەرێم هەمیشە پشتیوانی پێكهاتەكان بووە، ئێمە دڵنیایی دەدەین كە وەك پێكهاتەكان لە پشتی حكوومەت هەرێم دەبین و پشتیوانیی لە هەرێمی كوردستان دەكەین.
ئەو بەرپرسەی توركمان ئاماژی بەوەش دا، ئێمە وەك پێكهاتەكان پاڵپشتی یەكگرتنەوەی پێشمەرگەین و پێشمەرگەش بەپارێزەری خۆمان دەزانین، لە داهاتووشدا پێكهاتەكان پاڵپشتیی دەزگاكانی تری كوردستان دەبن.
لەبارەی كاراكردنەوەی پەرلەمانیش ئایدن گوتی، پێویستە بەزووترین كات پەرلەمانی كوردستان كارا بكرێتەوە و ئێمەش لە پێكهاتەكان پاڵپشتی كاراكردنەوەكە دەبین.
گوتی، ئەنجامی كۆبوونەوەكەمان وەك پێكهاتەكانی كوردستان وەك كلدان و سریان و ئاشوور و ئەرمەن و توركمان، یاداشتێك بۆ حكوومەتی كوردستان دەنووسین و پاڵپشتی كاراكردنەوە و پێكهێنانی حكوومەتیان پێ رادەگەیەنین.


































































