دوای دەست پێكردنی هێرشی پێچەوانە لە لایەن هێزەكانی یەمەن بە پاڵشتی هاوپەیمانییەتی چەند دەوڵەتی بە سەرۆكایەتی عەرەبستانی سعودییە، پاشەكشەیەكی بەرچاو لە لایەن هیزەكانی حوسی بەدی دەكرێ، زانیارییە نافەرمییەكا ئاماژە بەوە دەدەن كە كوژراوانی چەكدارانی حوسی هێندە زۆرن كە هەژمار ناكرێن.

لە لایەكی دیكەشەوزە ڕۆژی دووشەممە 5ی تشرینی یەکەم، کەناڵی هەواڵی ئەلعەرەبییە، ڕاپۆرتێکی لەسەر هێرشە بەرفراوان و سەرکەوتووەکانی هێزەکانی حکومەتی یەمەن بۆ سەر پێگەکانی حوسییەکان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە ئەو هێزانە بە پشتیوانی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی سعودیە، سەرکەوتوو بوون لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی گەرووی باب ئەلمەندەب.
هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ژەنەڕاڵ تورکی مالیکی، گووتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی سعودیە، ڕایگەیاند کە هاوپەیمانی سەربازی هەڵمەتێکی دەستپێکردووە بۆ وەرگرتنەوەی تەواوی خاکی یەمەن، دەستپیكی ئەم ئۆپەراسیۆنەش بە 100 فڕۆكەی شەڕکەر و بۆردومانی سەدان پێگەی گرنگی حوسییەکان بووە.
هەرچەندە بە شێوەی فەرمی ئاماری كوژراوانی هیچ لایەكی جەنگەكە بڵاو نەكراوەتەوە، بەڵام زانیارییە نافەرمییەكان ئاماژە بە گیان لەدەستدانی هەزاران چەكدار لە هەر دوولا بڵاو دەكەنەوە، ئەمە جگە لە كوژرانی دەیان هاووڵاتی سڤیل و ئەو وێرانكارییەی بەهۆی شەڕەكەوە زیانی پێ گەیاندوون.


































































