مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند كە لە هێرشێكی ئاسمانیی هاوبەشدا لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی (شین بێت)، عەلی ئەحمەد ئەلعەمودی، باڵاترین بەرپرسی حەماس لە غەززە و دەستی ڕاستی یەحیا سینواریان كردووەتە ئامانج. هێرشەكە ئێوارەی شەممە كراوەتە سەر شوقەیەك لە شاری غەززە كە بۆ چالاكیی سەربازی بەكارهاتووە.
ئەلعەمودی بە یەكێك لە داڕێژەرانی سەرەكیی هێرشەكانی 7ی ئۆكتۆبەر و كەسێكی كاریگەر لە بڕیاردان و دووبارە ڕێكخستنەوەی حەماس بۆ شەڕەكە دادەنرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی ئیسرائیل، ناوبراو لە ساڵانی 1993 و 1994 دا دەستی لە كوژرانی چەندین ئیسرائیلیدا هەبووە، لەنێویاندا ئەفسەرێكی هەواڵگریی شین بێت.
ئەلعەمودی پێشتر بەرپرسی میدیایی حەماس بووە و وەك جێگرەوەی خەلیل ئەلحەیە بۆ پۆستی سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی حەماس لە غەززە دیاریكرابوو، كە تەنانەت لە مانگی یەكی ڕابردووشدا بە وەكالەت ئەو پۆستەی بەڕێوەبردووە.


































































