مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، بە توندی سەركۆنەی كردەوەیەكی هێزەكانی حەشدی شەعبی كرد كە لە مەراسیمێكی سەربازیدا بێڕێزییان بە ئاڵای ئەمریكا كردبوو، هەروەها فەرمانی پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە و گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی دژی ئەنجامدەرانی دا. ئەم ڕووداوە لە مەراسیمی ڕۆژی سەروەریی نیشتمانی و كۆتاییهاتنی ئەركی هێزەكانی هاوپەیمانان ڕوویدا، كاتێك ئۆتۆمبێلەكانی حەشدی شەعبی بەسەر ئاڵای ئەمریكا و ئیسرائیلدا تێپەڕین، لە كاتێكدا وێنەی عەلی خامنەیی و ئاڵای ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانیان بەرز كردبووەوە.
سەباح نەعمان، گوتەبێژی هێزە چەكدارەكانی عێراق ڕایگەیاند كە سەرۆكوەزیران جەختی لە پێویستیی ڕەچاوكردنی ڕێسا دیپلۆماسییەكان كردووەتەوە و بە زووترین كات ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەخرێنەڕوو.
لە كاردانەوەی ئەم ڕووداوەشدا، جۆو ویڵسن، ئەندامی كۆمارییەكان لە كۆنگرێسی ئەمریكا، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس (X) بە توندی ڕەخنەی لەو كارە گرت و وێنەكانی وەك بەڵگەیەك بۆ “بوون بە پارێزگایەكی ئێرانی” عێراق ناوبرد، و پرسیاری لە زەیدی كرد كە ئایا ئەمە تێڕوانینی ئەوە بۆ ئەمریكا.


































































