مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
میدیا فەرمییەكانی ئێران، ڕۆژی یەكشەممە 4ـی تشرینی یەكەمی 2026، هەواڵی دەستلەكاركێشانەوەی موحسین پاكنەژاد، وەزیری نەوتی ئەو وڵاتەیان بڵاو كردەوە و ڕایانگەیاند كە حەمید بۆرد وەك وەزیری نەوت بە وەكالەت بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری وەزارەتەكە دەستنیشان كراوە.
لەم بارەیەوە، مەهدی تەباتەبایی، جێگری پەیوەندییەكان و زانیاری لە نووسینگەی مەسعوود پزیشكیانی سەرۆككۆماری ئێران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس (X) پشتڕاستی كردەوە و نووسیویەتی: “بە پەسەندكردنی دەستلەكاركێشانەوەی موحسین پاكنەژاد، بە فەرمانی سەرۆككۆمار، حەمید بۆرد وەك وەزیری بە وەكالەتی نەوتی ئێران دیاری كرا.”
پاكنەژاد چەند ساڵێك لەمەوبەر بەهۆی ڕۆڵی لە كەرتی نەوتی ئێراندا، لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكاوە سزای بەسەردا سەپێنرابوو.
ئەم گۆڕانكارییە لە وەزارەتی نەوت لە كاتێكی هەستیاردایە كە بەهۆی گەمارۆ دەریایییەكانی ئەمریكاوە، ئاستی هەناردەكردنی نەوتی ئێران بە شێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە. بەپێی داتا سەرەتایییەكانی كۆمپانیاكانی چاودێریی نەوت هەڵگرەكان (وەك كەپلەر و ڤێرتێكس)، بە درێژایی مانگی نۆ هیچ بارێكی نەوتی خاو لە بەندەرەكانی ئێرانەوە نەچووەتە دەرەوە و تۆمار نەكراوە.

































































