زاری كرمانجی-رواندز
کتێبی (مستەفائەفەندی ڕواندزی – خانەدانێکی مرۆڤدۆست ١٨٧٤-١٩٥٢) لە نووسین و ئامادەکردنی نووسەرو ڕۆژنامەنووس (هەژار عەلی) لە مەڕاسیمێکدا لە شاری ڕواندز ناسێنرا.
ئەم کتێبە لە پێشەکیی و پێنج بەش پێک هاتووەو لە چەندین تەوەر خۆی دەبینیتەوە.
بەشی یەکەم: تەرخانە بە مێژووی ڕواندز و دەرکەوتنی مستەفا ئەفەندی ڕواندزی، حەیدەرییەکانی ڕواندز….
بەشی دووەم: ڕۆڵی مستەفا ئەفەندی لەسەردەمی عوسمانی و ئینگلیزدا، پلەو پۆستەکان، تەریقەتی قادری، پەیوەندییەکانی، پێکەوەژیان، مرۆڤدۆستی، وەک شاعیرو وەرگێر، بواری ئابووری و پێگەی کۆمەڵایەتی.
بەشی سێیەم: پێکهاتەی خێزان و ئەرک و بەرپرسیارێتیان.
بەشی چوارەم: بیبلۆگرافیای کەسایەتیانی ڕواندز لەسەردەمی مستەفا ئەفەندی
بەشی پێنجەم: بەڵگە نامەکان، دەفتەر نفوسەکان، ئەلبومی وێنەکان، هێلکاری درەختی خێزانی و لیستی سەرچاوەکان.
مستەفا مەزهەر كوڕی محممەد كوڕی ئەحمەد كوڕی مەلا عەبدولسەلام كوڕی عوبەیدوڵڵا كوڕی سبغەتوڵڵای كوڕی ئیبراهیم كوڕی حەیدەری كوڕی ئەحمەد كوڕی حەیدەری گەورەیە. لەساڵی ١٨٧٤ی زایینی لە ڕواندز لە دایکبووە.
سەرەتای خوێندنی لە قوتابخانەی ئایینی (حوجرە) دەستپێكردووە، بۆ خوێندن بە زۆر ناوچەدا گەڕاوە، ماوەیەك بۆ خوێندن چۆتە ئەستەنبۆڵ، شارەزایی لە زمانەكانی توركی، فارسی و عەرەبی هەبووەو بە باشی قسەی پێكردوون.
كەسێكی زمانزان و ئەهلی تەسەوف بووە، لەسەر تەریقەتی قادری بووەو هەر ئەمەش وای كردووە ئاشنایەتی لەگەڵ شێخانی هیران دا هەبێت.
زۆر گرنگی بە تەكییەو حوجرە داوە، ئەو شوێنەی تەكییەی ڕواندزی تێدا دروستكراوە، پارچە زەوییەكە هی ئەو بووە و بەخشیوویەتییە كاكی هیرانی بۆ دروستكردنی تەكییە. بە ڕەچەڵەک دەگەڕێنەوە سەر حەیدەرییەکان.
قەزای ڕواندز لە ساڵنامەكانی عوسمانیدا ( ١٨٦٢- ١٩١٢) باس لە دەسەڵاتە كارگێڕییەكانی شاری ڕواندز دەكات، ڕۆڵی مستەفا مەزهەر لەنێو دامەزراوەكاندا دیارو بەرچاوبووە. هەر لە سەرۆک و ئەندامی ئەنجوومەنی قەزای ڕواندز، تا دەگاتە قازی شارەكە، خزمەتی كردووە.
ساڵی ١٨٩٤ مستەفا فەندی دەبێتە قازی ڕواندز، هەریەك لە (لوتفی ئەفەندی) وەك نووسەری یەكەم و (حوسێن ئەفەندی) وەك نووسەری دووەم، (خورشید ئەفەندی)ش دەبێتە هاریكاری لێكۆڵەر و ئەندامانیش (عەبدولفەتاح ئەفەندی و سەعید ئەفەندی) بوونە.
هەرلەڕۆژگاری عوسمانییەكان و سەردەمی ئینگلیزدا لە ڕواندز لە كاروباری میرییدا چەندین كاری پێسپێردراوە وەك: بەڕێوەبەری كۆكاری باجەكان(تەحصیلداری)، خەزنەدار (ئەمین سندوق)، واریدات.
کەسێکی مرۆڤدۆست بووە، دۆستی هەژاران و لێقەوماوان بووە، هاوكاری ئەو خێزانانەی كردووە كە بەهۆی كەمدەرامەتییەوە، ڕوویان لە ڕواندز كردووەو لەوێ نیشتەجێ دەبوون، یاخود بەهۆی سەرماوبەستەڵەكی زستان هەندێك لە گوندنشینان نەیاندەتوانی بحەوێنەوە. لە ڕواندز شوێنی بۆ دابیندەكردن. تا دۆزینەوەی كار و ڕاستەڕێ كردنی بژێوی ژیانیان، خۆراك و شوێنی حەوانەوەی بۆدابینكردوون.
بۆ ئەو فەقێیانەی لە ڕواندز لە حوجرە دەیانخوێند خواردنی ڕۆژانەی بۆ ئامادەكردوون. ژمارەیەك بەخشراو (شێت) لە ڕواندز هەبوون، خۆراك و پۆشاك و شوێنی حەوانەوەی بۆ دابینكردبوون. جگە لەمانەش بۆ پرسەو گۆڕهەڵكەندن هاوكارێكی بەردەوامی خەڵكی ناوچەكە بووە.
بەتایبەت لە ساڵانی گرانیی هاوكاری زۆری خەڵكی ڕواندزی كردووە. ئەو گەنمەی دەسەڵاتی ئەوكات، لە ڕواندز گلی دابۆوە لەكۆگایەك حەشاری دابوو، بەسەر هاووڵاتیانیان دابەشنەدەكرد. مستەفا ئەفەندی دەرگای كۆگاكەی بەبێ مۆڵەتی حكومەت كردۆتەوەو گەنمی بەخۆڕایی بەسەر دانیشتوانی ڕواندز دابەشكردووە.
لەكاتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی (تاعون) فڕنییەكی داناوە نانی بەسەر نەخۆش و خەڵكیهەژاردا دابەشكردووە، لەڕێگەی چێشتلێنەرەكانی نێوماڵەكەی مێوژ و نیسكیان بەسەركەسانی بێ سەرپەرشت و كاسب و ڕێبواراندا دابەشكردووە. وێڕای ئەمەش چەندین كەسی هەژار و بێ سەرپەرشت لەماڵەكەیدا بەخێوكردوون. هەركەسێك شتێكی لێقەومابێت سەری بەماڵی مستەفا ئەفەندی دا كردووە.
مستەفا مەزهەر، لەگەڵ تەریقەتی قادریدا تێكەڵ دەبێت و هەوادارێكی زۆریش لە ڕواندز لەدەووری ئەم تەریقەتە كۆدەكاتەوە، ئەو دۆستایەتی لەگەڵ كاكی هیرانی پتەوەدەبێت،زۆرجاریش نامە گۆڕینەوەیان لەنێواندا بووە، چەند سروودێكی ئایینیشی نووسیووە، بەڵام نەنامەكان و نە سروودەكانیش لەبەردەست نەماون، وەك دەستنووسەكانی دیكەی فەوتاون.
جێی بیرهێنانەوەیە، سافی و نەزهەت ئەفەندی و مستەفا ئەفەندی لەو كاتەی كە ڕێبازی قادری لە ڕواندز لە گەشەسەندن دابووە، هاوسەردەمی یەكتر بوونە، سافی بەشی زۆری شیعریئایینی بوونە، مستەفا ئەفەندی شیعری ئایینیی و نیشتیمانپەروەری، هەرچەندە نەزهەت شیعری دڵداری نووسیووە. بەڵام هیچ كامیان ڕەخنەیان لەو شیعرانەی نەزهەت نەگرتووە كە بۆبەژن و باڵاو شۆخ و شەنگی ئافرەتی نووسیووە.
لەگەڵ سەید تەهای قایمقامی ڕواندز نێوانی خۆش بووە، ماوەیەك دیوەخانەكەی داوەتە سەیدتەها زۆربەی كێشەكۆمەڵایەتییەكان لە ماڵی مستەفا ئەفەندی یەكلاكراونەتەوە.
لەسەردەمی دەسەڵاتی بەریتانیادا لەگەڵ سەرۆك عەشیرەتەكانی سنوورەكە هامووشۆ یهەبووەو سەردانی یەكتریان كردووە، بەتایبەت لەگەڵ شێخ محەممەد ئاغای وەڵاش سەرۆك عەشیرەتی باڵەك، پەیوەندی پتەوی هەبووە، تا گەیشتۆتە پەیوەندی خزمایەتی و لەوپێناوەشداكچە گەورەكەی (عایشە گوڵ)ی پێشكەش بە خدرئاغای كوڕی سەرۆكی عەشیرەتی باڵەككردوە. شێخمحەممەد ئاغا بەهەفتە لە ڕواندز دەمایەوە خانووی پێشوازی، مانەوەو پشوودانی لە ماڵی ئەوبووە.
لەو كاتەی ئینگلیز لە سەرووبەندی پێكهێنانی حكوومەتی عێڕاقدابوو، حاكمی سیاسی ئینگلیزلیوا بەلیوا دەگەڕێت، بۆ گفتۆگۆكردن لەگەڵ سەرۆك هۆزو پیاوانی كاربەدەست، تا بەرنامەوپلانی ئینگلیزیان بۆ ڕوونبكاتەوە. ئەو ڕۆژەی دێتە ڕواندز میوانی باویل ئاغا دەبێت و خۆراكێكی زۆر لەگەڵ خۆی دەهێنێت، بە باویل ئاغا دەڵێت: دوو كەسی خوێندەوارو دەستپاكم دەوێن، ئەویش مستەفا ئەفەندی و شەوكەت ئەفەندی دیاریدەكات. مستەفا ئەفەندی دەستی بە بانگەواز كردو داوای لە خەڵك كرد هەرچی هەژارو كەمدەرامەتە ڕۆژانە سێ ژەم نان و خواردنی پێدەدرێت. بۆ ئەم مەبەستەش نانەواخانەیەك و خواردنگەیەك دەكەنەوەو خەڵك نۆرەدەگرن، بۆ وەرگرتنی بەشە خۆراكییان.
ئەو كاتەی دەسەڵاتی ئینگلیز لە شاری ڕواندز لاواز دەبێت و خەریكە شۆڕشگێڕان بە هاوكاری عوسمانییەكان جارێكی تر ڕواندز لەدەستی ئینگلیز دەربێنن، مستەفا ئەفەندی بەڕاوێژ لەگەڵ شێخ محەممەد ئاغای وەڵاش، هەوڵی دووركەوتنەوەی فیتنە دەدەن و ڕێگە دەگرن خوێن بڕژێت و خوێنداری لەنێوان هۆزەكان ڕووبدات. شێخ محەممەد ئاغا دێتە ڕواندز و بە هەموو ئەو سەرۆك هۆزو كەسە شەڕكەرە خێلەكییەكانی سنووری ڕواندز دەڵێت: ئێمە شەڕی خوێنداری براكان ناكەین و بەئاشتی ئەو دۆخە چارەسەردەكەین، هاتووم كاربەدەستانی ئینگلیزو پۆلیس و سەربازان لەگەڵ سمایل بەگی ڕواندزی لەگەڵ خۆم ببەم و ڕواندز چۆڵ دەكەین، بۆ ئەوەی بەبێ تەقە شوڕشگێڕان بێنە ناو ڕواندز. لەتۆمارێكی دەنگی (عەلی كوڕی بایل ئاغا)دا هاتووە:” مستەفا ئەفەندی ڕواندزی قاسیدەك دەنێرێتە لای نووری بایل ئاغا و دەستەكەی، پێی دەڵێت: “نوری ئاغا مژدە بێت لەتۆ ئینگلیزو سمایل بەگ و شێخ محەممەد ئاغا و جەماعەتەكەی ڕواندزیان چۆڵكرد”. لە بەشێکی تری تۆمارە دەنگییەکەدا دەڵێت: “شێخ محەممەد ئاغا ڕەئیسی باڵەك (٨٠٠) هەشتسەد كەسی هێنابوو بۆ پارێزگاری كردن لە سمایل بەگ، شێخ محەممەد ئاغا پیاوێكی ئاقڵ بوو، بە حاكمی ئینگلیزو سمایل بەگی وتبوو شەڕێ وانە بەمەناكرێ، هەمووی ڕازیكردبوون.
لەكاتی دروستكردنی ڕێگای هامڵتۆن و گەیشتنی ئەندازیار هامڵتۆن بۆ ڕواندز میوانی سمایل بەگ دەبێت و زۆریش پێی سەرسام دەبێت، لەكتێبەكەی خۆیدا (ڕێگایەك بە كوردستاندا) باسی سمایل بەگی ڕواندزی كردووە. وەك كەسایەتییەكی بەتواناو زیرەكی كورد لەقەڵەمی داوە. بەیەكەوە چوونە بۆ ماڵی مستەفا ئەفەندی و میوانی بوونە. داوای كەسێكی شارەزای لە مستەفا ئەفەندی كردووە بۆ ئەوەی كارئاسانی بۆ بكات لە كاتی ئەنجامدان و كاركردن لە ڕێگاكەی ڕواندز بۆ باڵەكایەتی، ئەویش (مام سەیدۆ)ی پێ دەناسێنێت. هامڵتۆنیش دایدەمەزرێنێت. مستەفا ئەفەندی دۆستایەتی و هامووشۆی خێزانی لەگەڵ ماڵی سمایل بەگ هەبووە، لەگەڵ لەعلی خانی دایكی سمایل بەگ نێوانیان گەرم و گوڕ بووە. ئەو قورئانی فێری ئاغەژنە لەعلی خان كردووەو فێری خوێندەواریشی كردووە.
سەید تەها بە ڕاوێژ لەگەڵ مستەفا ئەفەندی، یەکەم قوتابخانە لە ڕواندز دەکەنەوە لە ساڵی ١٩٢٣ یەكەم قوتابخانەی حكومیی لە ڕواندز بنیاتنرا،
مستەفا ئەفەندی یەكەمین كەس بووە، لەساڵی ١٩٣٤كچەكەی خۆی ناردۆتە بەر خوێندن،رابیعە مستەفا مەزهەر لەدایکبووی ١٩٢٧ لەتەمەنی حەوت ساڵی دەچێتە قوتابخانە، لەگەڵ ئەمین ڕواندزی و مەلا تاهیر ئەفەندی كچەكانییان (پیرۆز و نەفیسە) دەنێرنە بەرخوێندن. دواتر هەریەك لە (فەتحییە ڕەشید، سەعدییە خان، نەجیبە حەسەن میرزا، جەواهیر سلێمان، زولێخا و عەیشە گوڵ سەعید قادر، فاتیمە سەعید خەیلانی، ماهووریە، نەجیبە مەمی خان…) وەك كچەقوتابی دەچنە بەرخوێندن.
خوێندن بە زمانی كوردی
مستەفا ئەفەندی هاودەنگ لەگەڵ ژمارەیەك لە كەسایەتییانی شاری ڕواندز داوای خوێندن بەزمانی كوردی كردووە. یەكەم كەسیش بووە شاندێكی وەزارەتی پەروەردەی عێراق هاتوونەتەلای بۆ ئەوەی لە بڕیاری خوێندن بەزمانی كوردیی پەشیمانی بكەنەوە. ئەوان بڕیاری حكومەتی ئەوكاتییان بۆ خوێندن بە زمانی عەرەبی لە كوردستان پێبوو. بۆ ئەم مەبەستە لەساڵی ١٩٣٦ نوێنەری وەزارەتی پەروەردەی عیراق (فازڵ ئەلجەمالی) لەگەڵ شاندێكی یاوەری دێنە ڕواندز، بەڵام مستەفا ئەفەندی پێداگری دەکات، پێیان دەڵێت: هەردەبێت بەزمانی دسیک بخوێنن.
یانەی هۆشیاری
مستەفا ئەفەندی لەپاڵ كاری حكومیی و دیندارییەكەی، لەبواری ڕۆشنبیرییدا كاری كردووەوهەوڵەكانی بۆ گەشەسەندنی ڕووناكبیری لەگەڵ دەستەبژێرانی شاردا چڕكردۆتەوە. هەوڵیانداوە سەنتەرێك یان كۆمەڵەیەكی ئەدەبی لە ڕواندز دابمەزرێنن. چونكە خەڵكی دڵسۆزی شارەكە بەپیر لایەنی ڕووناكبیری و هونەری و ئەدەب دەچوون. ئەوەبوو لە هاوینی ساڵی١٩٢٦ بۆ كردنەوەی یانەیەكی ڕۆشنبیری، پێشنیارێك پێشكەش بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقدەكەن. كۆبوونەوەكە لە ماڵی ئیسماعیل بەگی ڕواندزی بەڕێوە چووە، هەریەك لە(سەید تەهاشەمزینی، ئەمین ڕواندزی، محەممەد ئەفەندی، مستەفا ئەفەندی- بەڕێوەبەری ماڵی ڕواندز) ئامادە بوونە. بەڵام داواكارییەكەیان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ ڕەتكراوەتەوە.
وەك شاعیر و وەرگێڕ
مستەفا مەزهەر هونەرێكی هەڵكەوتوو بووە لەڕووی هۆنینەوەی شیعر، لە بواری وەرگێڕان چەندبەرهەمێكی ئەدەبی لە زمانەكانی توركی و فارسی وەرگێڕاوە بۆ سەر زمانی كوردی.، بەڵامئەوەی جێگەی نیگەرانی و داخە، بەهۆی بارودۆخە ناهەموارەكانی ئەوكاتی ڕواندز، زۆربەی ئەو بەرهەمانە كە لە بواری (شیعرو ئەدەبیات و زانست) بووە لەناو چووە.
دۆستێکی نزیکی حوسێن حوزنی موکوریانی بووە، ئەو کاتەی حوزنی لە ڕواندز دەردەکرێت،دەچێتە ئەشکەوتی کاکەسوور، بۆ ماوەی 18 هەژدە ڕۆژ، مستەفا ئەفەندی دەچێت دەیهێنێتەوەڕواندز، بۆ دەرکردنی گۆڤاری زارکرمانجی هاوکاری و کۆمەکی دەکات. هەرئەمەش نا، بەڵكولە بابەتی چاپکردنی کتێب و کۆکردنەوەی ڕۆشنبیران و نووسەران لە دەوری گۆڤارەکە و بانگەوازی کەسایەتییە خواپێداوەکان بۆ هاوکاریکردنی چاپخانەکە ڕۆڵی دەبێت.
بەداخەوە بۆجاری دووەم، سەرجەم كتێبەكانی نێو كتێبخانەكەی سووتێنراون. بەرهەكانی بەناوی خۆی مستەفا مەزهەربڵاوكردوونەتەوە. لەوانەش: (كامل الكلام بانوی جیهان) و (در گیلان) لەتوركی بۆ كوردی، (مەسنەوی) شیعری ئایینی لە فارسییەوە بۆ كوردی، (مەلیك بەهمەن) چیرۆك بە زمانی كوردی. ئەو سێ بەرهەمانەی مستەفا مەزهەر لە شێوەی دەستنووس بووە، لەبواری شیعریشدا تەنهایەك شیعری لە ڕۆژنامەو گۆڤارەكاندا بڵاوكراوەتەوە، كە هەست و سۆزی نەتەوایەتی خۆی تیادا دەربڕیوە.
چیاو كێوی كوردستانمان هەموو قەڵاو سەنگەرن
بەرامبەر بە دووژمنی كورد، وەك سەددی ئەسكەندەرن
گەورەو بچووكی كوردەواری، شێرو بەچەو جەنگاوەر
ڕۆژی جەنگە هەندێ ڕۆستەم هەندێ زاڵ و حەیدەرن
بۆ پارێزی وەتەنی خۆ ڕاوەستاون ڕێز بەڕێز
تفەنگ بەشان مل بە فیشەك، دەست بە شێرو خەنجەرن
فیكری خاوەن دوژمنی كورد، كەس نەخاتە مێشكی خۆی
هەڵمەتی كورد هەروەكو شێر، خۆتان لە بەر لابەرن
مستەفا ئەفەندی كاری وەرگێڕی كردووە بۆ زمانەكانی فارسی و توركی، جگە لە نووسین، بۆئەو فەرمانبەرانەی دەوڵەت لە توركیاو ئێراندا كاری وەرگێڕانی بۆ كردوون.
مستەفا ئەفەندی و پێكەوەژیان
هەرچەندە ئەو پیاوێكی ئایینی و ئەهلی تەریقەت بوو، بەڵام بەڕۆحییەتی پێكەوە ژیان لەگەڵ ئایین و ئایینزاكانی كوردستان دۆستایەتی دەكرد. پەیوەندی لەگەڵ جووەكانی ڕواندز و مەسیحییەكانی دیاناو هاودیان و شەقڵاوە هەبووەو هامووشۆی كردوون و ئەوانیش لە یادوبۆنەكاندا سەردانیان كردووە. خانوویەكی لە جوویەك كڕیبوو بەناوی داود لە ڕواندز پێیاندەووت(داودۆك) كوڕێكی هەبوو ناوی ناجی بوو، خانووەكە لە تەنیشت باخچەی ماڵی خۆیبوو، كەسێكی دیكەی جوو بەناوی (برایمۆك) سێ مناڵی هەبوون بەناوەكانی (شلیمۆن، نێرمیاو شیرین) خانوویان نەبوو، ئەو خانووەی بەو ماڵە جووە داوەو كردوینە دراوسێی خۆی. ماڵیبرایمۆك هاتووچۆی بەردەوامیان هەبوو، لە جەژن و بۆنەكاندا دەهاتنە ماڵی مستەفا ئەفەندی و خواردنی بەیانی جەژنیان دەخوارد و خواردنی تایبەت بە كولتووری خۆیان ئامادە دەكرد.
مستەفا ئەفەندی لەساڵی ١٩٢٦ سەرپەرشتی لیژنەیەكی تایبەت بە دەرهێنانی هەندێك لەو تۆپانەی فڕێدرابوونە ناو ڕووباری کاولۆکان دەکات، چونكە پاش چوونی میری گەورە بۆ ئەستانە و لە هەڵومەرجێكی دژوارو نالەباری سەربازیدا، ژمارەیەكی زۆری تۆپەكان بە ناچاری فڕێدرابوونە ناو ئەو ڕووبارە. ئەو لیژنەیە كە هیچ ئامێرو دەزگایەكی تەكنیكی و پێشكەوتوویان لەبەردەست نەبووە، تاكو بۆ مەبەستی گەڕان بەدوای تۆپەكان و دەرهێنانیان لە ناو ئاوی ڕووبارەكەدا بەكاری بهێنن، مستەفا ئەفەندی كە شارەزای بارودۆخی ناوچەكەبوو، پڕۆسەكەی بەسەركەوتوویی ئەنجام دا، لەو گەڕانەدا مەلەوانی بە ئەزموون (ڕەسووڵ خەلیل) كە بەڕەسووڵ ئاغای كاولۆكان ناسرابوو. هەناسەو پشوودرێژی زۆر بووە و توانای مانەوەی لەنێوئاودا سەرسوڕهێنەربووە. ئەو چۆتە قوڵایی ئاوەكەو بە گوریسێك كە لەقەدی تۆپەكەیانگرێداوە، سەری گوریسەكەیان لە دەرەوەڕا لە ملی ئەسپ كردووە، بەم جۆرە تۆپەكانیان هێناوەتە دەرەوە، ئەو لیژنەیە توانیویانە بەم شێوەیە سێ دانە تۆپ لە ناو ڕووباری كاولۆكان دەربهێنن.
ڕۆڵی مستەفا ئەفەندی لە بووژانەوەی ئابووری ڕواندزدا
لە ساڵانی ١٩٢٠ تاكو ١٩٤٠ مستەفا ئەفەندی كاری بازرگانی كردووە، كاروانەكە لە ڕواندزبۆ موسڵ و حەلەب لەوێش بۆ توركیا. گۆڕینەوە بە كەرستەكانی خوری، خوێ، دانەوێڵە و خۆراك كراوە.
مستەفا ئەفەندی ئەو كاڵاو شمەكانەی لە ڕواندز وەریدەگرتن، وەك بەرهەمە خۆماڵییەكان دەیگواستنەوە بۆ شاری موسڵ، ئەو بەرهەمانەی كە لە ڕواندزیش نەبوون لەگەڵ خۆی دەیهێنانەئەم شارە. كاروانەكەیان دەچووە ئێران، بە پێنج شەوو پێنج ڕۆژ دەگەیشتنە شوێنی مەبەست، ئەوان كشمش، قەیسی، باوی، شەكری قەندو برنجیسەدریان بە كاروان دەهێنا كە بریتیی بوون لە هەشت وەڵاخی بەرزە.
خانەو قەیسەری لە كاولۆكان هەبووەو دواتر بەهۆی هاتنی ڕووسەكان و سووتانی ڕواندزی جاران (كاولۆكان) گوندەكە وێران بووەو خەڵكەكەی لە ڕواندزی ئێستا گیرساونەتەوە، بۆیەمستەفا ئەفەندی ئەو زەویی و زارەی لە ڕواندز بۆ كاری كشتوكاڵ و ڕەزگەری تەرخانی كردبوو، خانووی لەسەر دروستكردن. بەعع
لە ڕواندز دوو خانە (تەویلە) دروستكران، كە لەدوو نهۆم پێكدەهاتن، نهۆمی خوارەوە بۆمانەوەی وەڵاخ و نهۆمی سەرەوە بۆ میوانان بوو. یەكیان خانەی مستەفا ئەفەندی بوو، ئەویدیكەش خانەی نەشئەتەفەندی بوو، هەریەكیان شوێنی ٥٠-٦٠ وەڵاخی تێدا دەبۆوە، لەمیوانخانەكەش شوێنی ٢٠-٣٠ زەلامی تێدا دەمایەوە.
لە ڕواندزەوە (گویز، مێوژ، هەنگوین، مازی، ترێ، پیست و توتن)ی دەبردە موسڵ و لە موسڵیشەوە (خورما، قاپ و قاچاخ، چەرەزات، شیرینی، جل و بەرگ، كتێب و قەلەم، ڕایەخ و سەماوەر)ی دەهێنا شاری ڕواندز.
لەساڵی ١٩٤٣ كتێبخانەی سەركەوتن لە ڕواندز، بەهاوكاری مستەفا ئەفەندی لەلایەن عەلی مەكتەبەو سەبری نەجیب دەكرێتەوە.


































































