مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ماركۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، لە پەیامێكدا پیرۆزبایی ڕۆژی نیشتمانیی لە عێراق كرد.
لە ڕاگەیەندراوێكدا كە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بڵاویكردووەتەوە، ڕوبیۆ ئاماژە بەوە دەكات كە سەردانەكەی عەلی زەیدی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ واشنتن لە مانگی تەممووز و دیدارەكەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا لە كۆشكی سپی، “هاوپەیمانیی بەهێزی نێوان هەر دوو گەل و پابەندبوونی هاوبەشیان بۆ داهاتوویەكی بەهێز و گەش” دووپات كردەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئاماژە بەو ڕێككەوتنە ئابوورییانە دەكات كە لە ماوەی سەردانەكەدا ڕاگەیەندران، و پێی وایە ئەوانە نیشانەی فراوانبوونی هاوكارییەكانی نێوان كۆمپانیا ئەمەریكی و عێراقییەكانن.
ڕوبیۆ دەڵێت: “ئەمەریكا پێشوازی لە هەوڵەكانی عێراق دەكات بۆ بەهێزكردنی سەروەریی وڵاتەكە و بەشداریكردنی لە هێنانەدی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرانسەری ناوچەكەدا.” هەروەها دەشڵێت: “لەم ڕۆژە نیشتمانییەدا، ڕێز لە مێژوو، خۆڕاگری و دەستكەوتەكانی گەلی عێراق دەگرین و چاوەڕێی بەردەوامبوونی پێشكەوتن و هاوكاریی نێوان هەر دوو وڵاتەكەمانین. پیرۆزبایییەكی گەرم ئاراستەی گەلی عێراق دەكەین لە كاتێكدا ئەم یاد و بۆنە گرنگە دەكەنەوە.”
ئەم پەیامەی ڕوبیۆ سێ ڕۆژ دوای ئەوە دێت كە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتیی ئەمەریكا، بە فەرمی كۆتاییهێنان بە ئەركەكانی لە عێراق ڕاگەیاند و هێزەكانی كشاندەوە.

































































