دوو پێشنیاز هەیە بۆ هاوتاکردنی مووچە و ئیمتیازاتی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عێراق، بە جێبەجێکردنی هەر یەکێک لە پێشنیازەکان، مووچە و دەرماڵەی هەموو پێشمەرگەیەک 500 بۆ 600 هەزار دینار زیاد دەبێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی دوای تێپەڕبوونی 23 ساڵ بەسەر ئازادبوونی عێراق، ماف و شایستەکانی پێشمەرگە گەرەنتی بکات، بەو پێیەی پێشمەرگە هێزێکی دەستوورییە و بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی عێراق. هەفتەی ڕابردوو یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەفەرمی ڕاگەیەنرا، بەغدا چیتر ئەو بیانووەی نەماوە. گفتوگۆش لەگەڵ بەغدا دەستپێکراوە بۆ هاوتاکردنی مووچە و ئیمتیازاتیان.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی کوردستان، ڕایگەیاند، پێویستە ڕێکخستنەوەی بنەڕەتی بۆ مووچەی پێشمەرگە بکرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنە نوێیەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق دەکرێت. بۆ ئەم مەبەستە دوو پێشنیاز بۆ بەغدا ئامادەکراون تاوەکو ڕەزامەندی لەسەر یەکێکیان بدات؛ یەكەم ساڵانە لە بودجەی سیادی عێراق بڕە پارەیەک تەرخان بکرێت بۆ پێشمەرگە، مووچە و دەرماڵە و پێداویستییە لۆجستییەکانیان لەو پارەیە بۆ دابین بکرێت، بڕە پارەکەش بەشی ئەوە بکات مووچە و ئیمتیازاتیان هاوشێوەی سوپای عێراق بکرێت.
دووەم؛ مووچە و ئیمتیازاتی پێشمەرگە هاوشێوەی هێزەکانی وەزارەتی بەرگریی عێراق لێ بکرێت و ساڵانە لەناو یاسای بودجە پارەی بۆ تەرخان بکرێت.

































































