لایەنە كوردییەكان نزیكەی 500 پۆست و پلەی باڵای بەڕێوەبردنیان لە وەزارەت و دامەزراوەكانی حكوومەتی عێراق لە دەستداوە.
دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد: تەوازن نەماوە لە ئیدارەدانی موئەسساتی دەوڵەت، بە تایبەتی كورد كەمترین تەمسیلی هەیە لەنێو دامودەزگاكانی حكوومەت، بە دامەزراندنی ئەو هەیئەیە دەستەیەك دروست دەبێت، یاساشی بۆ دەرچووە یاسای ژمارە 26 ساڵی 2016 شێوازی دروستكردنەكەی تێدا دیاری كردووە، كە نوێنەری هەموو پارێزگاكانی تێدایە و نوێنەری هەرێمی كوردستانیش تێدا بەشدار دەبێت.
فراكسیۆنە كوردستانییەكان لیژنەیەكیان لەناو پەرلەمانی عێراق پێكهێناوە بۆ ئەوەی نزیكەی 500 پۆستی لە دەستچووی كورد بگەڕێنەوە كە خۆی لە وەزارەت، بریكار، ڕاوێژكار، بەڕێوەبەری گشتی، سەرۆكی دەستە و دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەكان دەبینێتەوە، كورد نیگەرانە كە بە پیلان ئەو پۆستانە لە دەست كورد دەردەهێنرێت.


































































