لە سۆران هەڵمەتێكی بەرفراوان بۆ لادانی زێدەڕۆیی سەر تۆڕەكانی ئاو لە كەرتی بازرگانی و نیشتەجێبوون دەستیپێكرد و 60 حاڵەتی زێدەڕۆیی لادران.
ئیدریس بایز، سەرۆكی لیژنەی زێدەڕۆیی لە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سۆران لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، لە هەڵمەتێكی بەرفراواندا 60 حاڵەتی زێدەڕۆیی بۆ سەر تۆڕەكانی ئاو لادران، ئەمساڵ تاوەكو ئێستا زیاتر لە 500 حاڵەتی زێدەڕۆیی تۆماركراون، كە پێكهاتبوون لە: بەستنی نایاسایی و بێمۆڵەت، شكاندنی بۆرییەكانی ئاو كە بوونەتە هۆی بەفیڕۆچوونی ئاو.
لە كۆی زیاتر لەو 500 حاڵەتەی كە لە سەنتەری شاری سۆران تۆمار كراون، زیاتر لە 250 حاڵەتی زێدەڕۆیی لابراون، داوامان كردووە ئەوانی دیكەش زێدەڕۆییەكە لابدەن و چیدی سەرپێچی نەكەن.
بەهۆی ئەو زێدەڕۆییانەوە تاوەكو ئێستا 16 كەس دراونەتە دادگا و كەیسەكانیان لە دادگا یەكلایی دەكرێنەوە، هەروەها زیاتر لە 30 كەس بەڵێننامەیان پڕكردووەتەوە بۆ لابردنی زێدەڕۆیی و سەرپێچییەكانی سەر تۆڕی ئاو.
لیژنەی زێدەڕۆیی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سۆران هاووڵاتیان ئاگادار دەكاتەوە لە كاتی بینینی هەر جۆرە سەرپێچییەك یان زێدەڕۆییەك لەسەر تۆڕەكانی ئاو، بە زووترین كات پەیوەندی بە لیژنەی زێدەڕۆیی بكەن بۆ ئەوەی ڕێكاری پێویست بگیرێتەبەر.


































































