مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
مای ساتۆ، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ مافەكانی مرۆڤ لە ئێران، لە نوێترین ڕاپۆرتیدا نیگەرانیی قووڵی لە بەردەوامیی جیاكاری دژی كورد، بەلووچ، عەرەبی ئەهواز و توركەكان لە ئێران دەربڕی. ڕاپۆرتەكە ئاماژە بەوە دەكات كە ئەم پێشێلكارییانە بێبەشكردنی ئابووری، قەدەغەكردنی زمان و نادادپەروەریی دادوەری لەخۆدەگرێت.
ڕاپۆرتەكە تیشك دەخاتە سەر دۆخی سەختی ژیانی كۆڵبەرانی كورد و سووتەمەنی فرۆشانی بەلووچ كە بەهۆی بێكارییەوە ناچارن لە ناوچە سنوورییەكان كار بكەن. هاوكات باس لەوە دەكات كە بەشێك لە بەلووچەكان تەنانەت ناسنامەشیان نییە، ئەمەش لە خوێندن و خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان بێبەشی كردوون.
لە بەشێكی دیكەی ڕاپۆرتەكەدا، نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان هۆشداریی توندی داوە لە مەترسیی جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر چەندین زیندانیی سیاسیی كورددا. لەوانە: یوسف ئەحمەدی، حاتەم ئۆزدەمیر و چەند زیندانییەكی دیكە (ڕەئوف شێخ مەعروف، محەمەد فەرەجی و موحسین ئیسلامخا) كە لەسەر ناڕەزایەتییەكانی “ژن، ژیان، ئازادی” سزادراون. ساتۆ جەخت دەكاتەوە كە ئەم كەسانە ڕووبەڕووی ئەشكەنجە، دانپێدانانی زۆرەملێ و دادگاییكردنی نادادپەروەرانە بوونەتەوە و تەنانەت هەندێكیان وەرگێڕیشیان پێنەدراوە.
لە كۆتاییدا مای ساتۆ ئاگاداریی دەدات كە جیاكاریی نەتەوەیی و ئایینی لە ئێران، كاریگەریی ڕاستەوخۆ و نەرێنی خستووەتە سەر تەواوی پرۆسەی دەستگیركردن و دادگاییكردن، بەتایبەتی لەو دۆسیانەی كە سزای لەسێدارەدانیان لێ دەكەوێتەوە.


































































