حکومەتی عێراق بڕیارێکی نوێی دەرکردووە کە تەواوی هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، بەپێی بڕیارەکە مامەڵەی نیشتەجێبوون دەبێتە دیجیتاڵی و زانیارییەکان ڕاستەوخۆ دەخرێنە سەر کارتی نیشتمانی.
بە مەبەستی ئاسانکاری و نەهێشتنی ڕۆتین، پرۆسەی مامەڵەی شوێنی نیشتەجێبوون و گواستنەوەی ماڵ لە فەرمانگەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ سیستەمێکی دیجیتاڵی.
لەمەودوا لە کاتی گۆڕینی شوێنی نیشتەجێبوون لە گەڕەکێکەوە بۆ گەڕەکێکی دیکە یان لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە، پێویست بە سەردانیکردنی دامەزراوەکان ناکات.
سەرەتا وەزارەتی ناوخۆی عێراق خۆی پرۆسەکە جێبەجێ دەکات و هەردوو کارتی نیشتەجێبوون و نیشتمانی یەکدەخات، دواتر هاووڵاتیان دەتوانن لە ماڵەوە لە ڕێگەی مۆبایل یان لاپتۆپەکانیانەوە زانیارییەکانیان نوێ بکەنەوە، کە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەچێتە سەر کارتی نیشتمانی.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، داوایان لێکراوە پرۆسەکە لە هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ بکرێت و زانیارییەکانی نیشتەجێبوون بە دیجیتاڵی بخرێنە سەر کارتی نیشتمانی.
دەشڵێ: ئێمە لاریمان نییە و ئامادەین هەموو زانیارییەکان بخەینە سەر کارتی نیشتمانی، بەڵام دەمانەوێت سیستەمێکی تایبەت بە خۆمان هەبێت.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق ماڵپەڕێکی تایبەت دەکاتەوە، هاوشێوەی ئەو سیستەمەی بۆ نۆرەگرتنی پاسپۆرت و کارتی نیشتمانی هەیە. ئامادەکاریی تەواوکراوە و بەمزووانە لە عێراق دەستپێدەکات. پاش کاراکردنی سیستەمەکە، سەرجەم نووسینگەکانی کارتی نیشتەجێبوون دادەخرێن و کارکردن بەو کارتە نامێنێت، تەنیا هەبوونی کارتی نیشتمانی بۆ مامەڵەکان بەس دەبێت.
لە هەرێمی کوردستان شێوازی جێبەجێکردنەکە جیاواز دەبێت؛ بەپێچەوانەی عێراق کە نووسینگەکانی کارتی نیشتەجێبوون دادەخات و کارتەکە هەڵدەوەشێنێتەوە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەیەوێت بنکە و فەرمانگەکانی کارتی زانیاری وەک خۆیان بمێننەوە و کارکردن بە کارتەکەش بەردەوام بێت.
لە ساڵانی ڕابردوودا، لە عێراق بۆ سەلماندنی شوێنی مانەوە پشت بە کارتی نیشتەجێبوون (بتاقە سەکەن) دەبەسترا، لە هەرێمی کوردستانیش کارتی زانیاری بۆ هەمان مەبەست بەکاردەهێنرا، کە پێویست بوو هەموو خێزانێک هەیبێت.


































































