مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕۆژنامەی “واڵ ستریت جۆرناڵ” بڵاویكردەوە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پێنتاگۆن) ڕایگەیاندووە كە كەشتیی فڕۆكەهەڵگری “تیۆدۆر ڕۆزەڤێڵت” و گرووپە هێرشبەرەكەی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كراون.
بەگوێرەی ڕۆژنامەكە، ئەم هەنگاوە لە كاتێكدایە كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا پێی وایە، ئەگەر ئێران پێش هەڵبژاردنەكانی نیوەی خول ڕێككەوتنێكی گونجاو واژۆ نەكات، ئەوا هێرشە ئاسمانییەكان بۆ سەری زیاتر دەبن.
ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوەش كردووە، یەكشەممەی ڕابردوو ئەو فڕۆكەهەڵگرە و گرووپە هێرشبەرەكەی كە نزیكەی ١٠ هەزار سەربازیان لەسەرە، لە بەندەری سان دیێگۆ لە باشووری كالیفۆرنیا لە ڕۆژئاوای ئەمریكاوە بەڕێكەوتوون. بڕیاریشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بچنە پاڵ هەردوو فڕۆكەهەڵگری “جۆرج ئێچ دەبلیو بوش” و “جۆرج واشنتن” كە پێشتر لە ناوچەكە جێگیر كراون.
لەلایەكی دیكەوە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا (سێنتكۆم) ڕایگەیاند، فڕۆكەهەڵگری “جۆرج واشنتن” لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستیكردووە بە ئەنجامدانی چالاكی و ئۆپەراسیۆنی فڕین.

































































