فەرماندەی میحوەری شەشی هێزی پێشمەرگە، لە لێدوانێکدا ئاشکرای کرد، کە نەبوونی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئاڵنگارییەکی گەورەیە لەبەردەم هەرێمی کوردستاندا. هاوکات رەخنەی لە نایەکسانیی دابەشکردنی شایستە داراییەکان گرت و رایگەیاند: مووچەی پێشمەرگە ناگاتە نیوەی مووچەی هاوتاکانیان لە سوپای عێراق.
پێنجشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، سیروان بارزانی، فەرماندەی میحوەری شەشی هێزی پێشمەرگە، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی “حەدەس”، کۆمەڵێک دۆسیەی هەستیاری ئەمنی و کارگێڕیی خستە ڕوو کە پەیوەستن بە پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، هەڕەشەکانی داعش و شایستە داراییەکانی هێزی پێشمەرگە.
فەرماندەی میحوەری شەش لە دەستپێکی گوتەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، لە ماوەی جەنگ و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکەدا، هەرێمی کوردستان دووچاری زیاتر لە هەزار هێرشی مووشەکی و درۆنی بووەتەوە.
تیشکی خستە سەر کێشەی نەبوونی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و باسی لەوە کرد، بەڕاستی نەبوونی ئەو سیستەمە ئاڵنگارییەکی یەکجار گەورەیە لەبەردەم هەرێمی کوردستاندا.
هاوکات سەبارەت بە هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان گوتی: ئێمە هیوادارین سەرجەم ئەو پاساو و بیانووانەی کە گرووپە چەکدارەکان بۆ ئەنجامدانی هێرشەکانیان دژ بە هەرێمی کوردستان دەیانهێننەوە، بە یەکجاری بووەستێنرێن و کۆتاییان پێ بێت.
سەبارەت بە جموجۆڵی پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەکەدا، فەرماندەکەی پێشمەرگە هۆشداریی توندی دا و ئاشکرای کرد: هێرش و پەلامارەکەی ئەم دواییەی چەکدارانی داعش لە سنووری پارێزگای کەرکووک لە پردێ، زەنگێکی مەترسیدارە.
لە لایەکی دیکەوە و لە بارەی جیاوازیی شایستە و مافە داراییەکان لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا، فەرماندەی میحوەری شەش نیگەرانیی خۆی دەربڕی و گوتی: ئاستی مووچەی هێزەکانی ئێمە تەنانەت لە نیوەی مووچەی هێزەکانی سوپای عێراق تێپەڕ ناکات.
سیروان بارزانی جەختی لە ئەرکی مەیدانیی هێزەکانی کردەوە و رایگەیاند، کە پێشمەرگە لەم سنوورەدا ئەرکی راستەوخۆی پاراستنی تەواوی هێڵی سنووریی پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەوا لە ئەستۆ دەگرێت.
لە درێژەی قسەکانیدا دڵنیاییشی دا، کە هێزی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنی هاوبەش و بەردەوامی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە سنووری هەردوو پارێزگای کەرکووک و نەینەوا هەیە بۆ کێوماڵکردنی ناوچەکە و لەناوبردنی مۆڵگەکانی تیرۆریستان.
فەرماندەی میحوەری شەش باسی لە پێداویستییە لۆجستی و سەربازییەکانی پێشمەرگە کرد و گوتی: ئێمە لەم قۆناخەدا هێزەکانمان بە ئامێر و کەرەستەی سەربازیی هاوچەرخ بەهێزتر کردووە، بەڵام ئەم توانا ناوخۆیییانە هێشتا ناگەنە ئاست و توانستە تەکنیکی و لۆجستییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بۆیە پێویستیی هێزەکانمان بە هاوکاری و سیستەمی پێشکەوتوو بەردەوامە.


































































