شەهلا سۆفی – زاری کرمانجی:
کاریگەری خواردن لەگەڵ کەسە نزیکەکان لەسەر شەکری خوێن بابەتی توێژینەوەیەکی نوێیە کە ئاماژە بەوە دەکات بوونی کەسانی نزیک و پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەوانەیە کاریگەری لەسەر ئەرکە فیزیۆلۆژییەکانی جەستە هەبێت و هەست بە باشی بکەیت.
توێژینەوەکە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی عیبری قودس و سەنتەری پزیشکی شەبا ئەنجامدراوە، دیدێکی نوێ لەبارەی پەیوەندی نێوان تەندروستی جەستەیی و کارلێکە کۆمەڵایەتییەکان پێشکەش دەکات.
لە توێژینەوەکەدا بەشداربووان لە ژێر بارودۆخی جیاوازدا پشکنینیان بۆ کرا دوای خواردنی ژەمێکی ستانداردی دەوڵەمەند بە کاربۆهیدرات، کاتێک مرۆڤەکان لەگەڵ کەسانی تر نانیان دەخوارد، دوای نانخواردن ڕێژەی شەکری خوێنیان کەمتر بەرزدەبووەوە و جەستەیان توانی خێراتر شەکری خوێنیان ڕێکبخات.
توێژەران ئەم دیاردەیە وەک بەشێک لە چەمکێک دەبینن کە پێی دەوترێت فیزیۆلۆژیای کۆمەڵایەتی، کە بریتییە لە چۆنیەتی ڕێکخستنی جەستەی مرۆڤ نەک تەنها بە شێوەیەکی سەربەخۆ بەڵکو لە کارلێککردن لەگەڵ ژینگە کۆمەڵایەتیەکەیدا.
بەپێی ئەم بۆچوونە بوونی کەسانی نزیک دەتوانێت یارمەتی جەستە بدات وزەی کەمتر بەکاربهێنێت بۆ پاراستنی هاوسەنگی ناوەوە.


































































