نووسینی / روشدی جەعفەر
پاڤلۆک ناوی ئامێرێکی بچووکە کە لە مەچەک دەبەسترێت. لە ساڵی ٢٠١٤دا لە لایەن کۆمپانیایەکی ئەمریکییەوە بەرهەمهێنراوە. ئەم مەچەکبەندە ڕۆڵی چاودێرێک دەگێڕێت، بەجۆرێک ئەگەر شتێکی “زیانبەخش”ت کرد، ئەوا تەزوویەکی کارەباییت لێ دەدات تاکو توخنی نەکەویت (ڤۆڵتەکەشی کەم و زیاد دەکرێت). درووشمی پاڤلۆک ئەوەیە: ڕاهێنەرێکی شەخسی بەسەر مەچەکتەوە. گوایە ئامێرێکە بۆ “گۆڕین”ی ژیانت یان گۆڕینی “خووە خراپەکانت”. ئەم مەچەکبەندە چەند فرمانێکی جۆراوجۆری هەیە؛ وەک “بێدارکەرەوە”یەک چەشنی سعاتێکی تەوقیتکراو وایە تاکو کاتی خەوتن و بێداربوونەوەت “ڕێکبخەیت”؛ چاودێریی گەڕان و پشکنینەکانت لەسەر تۆڕەکاندا دەکات، چەندە کاتییان تێدا بەسەردەبەیت و چۆنچۆنیش؛ ڕێکخستنی “لەشڕێکی” و چاودێریی جەستە و خواردنەکان.. لە ڕیکڵامی ناساندنی کۆمپانیاکەدا دەوترێت “پاڤلۆک هەر تەنیا خووەکانت ناپشکنێت، بەڵکو خودی خۆیشت دەگۆڕێت”. ئەم مەچەکبەندە دەکرێت بە مۆبایلی کەسێکی تریشت ڕەپتبکرێت: بۆ نموونە گەر تۆ بڕیارت داوە واز لە جگەرەکێشان بێنیت، و ئەو مەچەکبەندەشت لابێت، ئەوا ئەگەر جگەرەت کێشایەوە و ئەو کەسەی مەچەکەبەندەکەت لەسەر مۆبایەکەی ڕەپتکردووە تۆی بینی، دەکرێت تەنیا دوگمەیەک دابگرێت و یەکسەر پاڤلۆکی سەر قۆڵت تەزوویەکی کارەباییت لێ دەدات تاکو بیرتبێتەوە کە نەیکێشیت. هەروەها دەشکرێت خۆت هەر کات ویستت دەست بدەیتەوە ئەم خووە، فشار بخەیتە سەر ئامێرەکە و تەزوویەکت لێ بدات! بەرهەمێنەری ئەم ئامێرە وتوویەتی گوایە پێشتر بۆ ئەوەی واز لە خوویەک بێنێت، ئەوا به هاوڕێیەکی وتووە هەرکە منت بینی ئەم کارە دەکەم، زللەیەکم لێ بدە، هەر لێرەوەش ئەم ئامێرەی داهێناوە وەک جێگرەوەی زللەکە! بەکورتی، ئەم ئامێرە وات لێ دەکات بەردەوام خۆت وەک ئێشکگرێک ببینیت. دیارە مەبەستی دوایینیشی ئەوەیە خۆت لەگەڵ ڕێسا و ڕێنوێنە باوەکانی کۆمەڵگای پاتاڵی بسازێنیت. مرۆ کاتێک ناوی پاڤلۆک (Pavlok) دەبیستێت، دەپرسێت تۆبڵێی هیچ پەیوەندییەکی بە ئیڤان پاڤلۆڤ (Ivan Pavlov)ی دەروونناسی ڕووسییەوە هەبێت؟ بەڵێ هەیەتی، ناوەکەش هەر لە ناوی پاڤلۆڤ داتاشراوە. لای ئێمە زۆرێک لە خوێنەران بەهۆی چیرۆکی “من و قالە و سەگەکەی پاڤلۆڤ”ی شێرزاد حەسەن ئاشنان بە ناوی پاڤلۆڤ. ئامێری پاڤلۆک کەمتازۆر میکانیزمەکەی تاقیکردنەوەی پاڤلۆڤی تێدایە. لە تاقیکردنەوەکەی پاڤلۆڤدا پەیوەندییەکی هۆکاری دەخرێتە نێوان دوو ورووژێنەر. پاڤلۆڤ ئەم تاقیکردنەوەی بەسەر سەگێکدا پیادەکرد، چەند جارێک پێش ئەوەی خواردن بۆ سەگەکە ببات زەنگێکی لێ دەدا، پاش دووپاتبوونەوە، لای سەگەکە پەیوەندییەک لەنێوان خواردنەکە و زەنگەکە هاتەئارا، بەجۆرێک هەرکە زەنگەکەی دەبیست، لیک بە دەمیدا دەهاتەخوار، واتە پێش ئەوەی خواردنەکەی پێ بگات. لێرەدا ورووژووێنەرێکی ناوەکی گرێدراوە بە ورووژێنەرێکی دەرەکی. ئەم تاقیکردنەوەیە دەکرێت بە چەندین شێوە بقۆزرێتەوە، لەنێویشدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەڵسوکەوتی خەڵک (وەکچۆن هەر ئەم تاقیکردنەوەیە و داهێنەرەکەشی سەر بە قوتابخانەی ڕەفتارگەرایین). ئەم تاقیکردنەوە نیشانیدەدات هەڵسوکەوتی مرۆڤ شتێکە قابیلی “مەرجدارکردنە”، دەکرێت هەمان ئەو وەڵام یان کاردانەوەیەی مرۆڤ دەرهەق بە ورووژێنەرێکی بایۆلۆجی دەینوێنێت، هەروابێتەوە دەرهەق بە ورووژێنەرێکی بێلایەنیش بینوێنێت. ڕەنگە زۆرێکمان لە فیلمەکاندا دیمەنێکمان دیبێت تێیدا گیراوەکانی زیندانێک هەر بە بیستنی دەنگی پۆستاڵی سەربازەکان هەڵدەلەرزن (ڕەنگە هەر لەبەر ئەوەش بێت ئەوان وا توند پۆستاڵەکانیان لە ئەرز دەدەن تا قایمتر دەنگی ببیسترێت.) بەکورتی، مەچەکبەندی پاڤلۆک پەیوەندییەکی هۆکاری لەنێوان لێدانی تەزووی کارەبایی و سەرپێچیکردن لە بەرنامە دانراوەکان دادەنێت. بەجۆرێک وا لە کەسەکە بکات هەرکە ویستی سەرپێچییەک بکات ئەم تەزووەی بیربکەوێتەوە. لەم ڕووەوە پاڤلۆک جگە لە میکانیزمی تاقیکردنەوەی پاڤلۆڤ، میکانیزمی سزادانیشی تێدایە. بەڵام لەڕاستیدا پاڤلۆک ئامێرێک نییە تەنیا پەنا بەرێتە بەر تەزووی کارەبایی، بەڵکو لەوە گرنگتر پەنا دەباتە بەر هێزی سەرکۆنەکەری سوپەرئیگۆ یان ویژدان. ڕێناتا سالێکڵ، دەروونشیکار و فەیلەسووفی سلۆڤینی، لە جێیەکدا دەڵێت ئەم جۆرە ئامێرانە پشت بە ورووژاندنی هەستکردن بە گوناح دەبەستن. چونکە بەپێی “ئایدیۆلۆژیای خۆڕێکخستن” هەمووان دەبێت لە چالاکییەکی بەردەوامدا بن، هەموو وزەی خۆیان لە کردندا سەرفبکەن، تا ئەو ڕادەیەی پێیان دەکرێت پارێزگاری لە تەندرووستیی خۆیان بکەن تا باشتر لە بازاڕی کاردا بڕەتێنرێن. بەپێی ئەم ئایدیۆلۆژیایە کێشە کۆمەڵایەتییەکان هەر لێکەوتی چۆنیەتیی مامەڵەکردنی ئێمەن لەگەڵیاندا. گوایە لە هەموو جێیەک دەبێت وەک “مێروولەیەکی خۆڕەتێن” بین- وەک ئەوەی فریدریش نیچە دەیوت. بەڵام مرۆڤ تەنیا بوونەوەرێک نییە توانای کردنی هەبێت، بەڵکو بوونەوەرێکە توانای نەکردنیشی هەیە. بە دەربڕینێکی تر، جیاکارییەکە هەر تەنیا لەنێوان پۆتێنشاڵیتە (هێزەکی-بالقوە) و ئەکچواڵیتە (کردەکی/بالفعل)دا نییە، بەڵکو بە وتەی جۆرجیۆ ئاگامبێن لەنێوان پۆتێنشاڵیتەی کردن و پۆتێنشاڵیتەی نەکردنیشە؛ زۆر شت هەیە دەتوانین “نەیکەین.” (لە فەلسەفەی هاوچەرخدا ئەم باسە لە چەندین دیوی تریشەوە پشکنراوە…) “گۆڕینی ژیان” تەنیا ئەوە نییە ئەم یان ئەو عادەتی گوایە خراپ تەرککرێت. بەڵام لەم سەردەمە پڕوپووچەدا گۆڕینی ژیان لە شتێکی وەک بێداربوونەوە لە کاتێکی دیاریکراودا دەبینرێت! ئینجا پاش خۆڕەتاندن و شتێک سووککردنی باری گوناحەکەی سەر شانت، هیلاک و شەکەت بگەڕێیتەوە ماڵ… گەرچی ئەم ئامێرە و مانا ڕەمزییەکانیشی هێشتا هەر زیاتر سەر بە کەلتوری خۆرئاوایین، بەڵام دەنگدانەوەی ئایدیۆلۆژیای خۆڕێکخستن لای ئێمەش لە بەرگێکی پڕوپووچتر و بێهوودەتر دەبیسترێت.