زاری كرمانجی- هەولێر:
گوتەبێژی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان ئاشکرای کرد، ھەزاران دۆسیەی شەھیدان لە وەزارەتەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ گەڕاوەتەوە سەر میلاکی وەزارەتی شەھیدان و، ھەمان مووچەی پێش شەھیدبوونیش بە کەسوکاریان دەدرێت.
عادل مەلا ساڵح، گوتەبێژی وەزارەتی شەھیدان، راگەیاند، بەپێی یاسای ژمارە ٢ی چاکسازی لە دەرماڵە و مووچە و ئیمتیازاتی شەھیدان و فەرمانبەران، دۆسیەی ھەموو شەھیدان لەسەر میلاکی وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە دەگوازرێنەوە سەر وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراون، تا ئێستاش ھەزاران دۆسیەی شەھیدان گەڕاوەتەوە سەر میلاکی وەزارەتی شەھیدان، بە تایبەتی ئەوانەی لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا شەھید بوون.
گوتەبێژی وەزارەتی شەھیدان گوتیشی، بەشی زۆری دۆسیەکان گەڕاونەتەوە سەر وەزارەتی شەھیدان تەنیا بەشێکی کەمی ماوە، کە بڕیارە ئەوانیش بگەڕێنەوە سەر وەزارەتی شەھیدان، واتە دۆسیەی ھەموو شەھیدان دێتەوە سەر وەزارەت.
مەلا ساڵح روونیشی کردەوە، لە کاتی گواستنەوەی دۆسیەی شەھیدانی شەڕی داعش لە وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ بۆ سەر وەزارەتی شەھیدان، بە ھیچ شێوەیەک مووچەی شەھیدان کەم ناکرێتەوە، بە پێچەوانەوە ھەمان مووچە و دەرماڵە بە کەسوکاری شەھیدان دەدرێت و بە ھەمان مووچە سوودمەند دەبن.